موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی گشتیی پارتی مەملەکەت کە بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ هەڵبژاردنەکەی 14ـی ئایار، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکە راگەیاند.
لە سەرەتای وتەکانیدا موحەڕەم ئینجە باسی لەوە کرد کە لەم ماوەیەدا چەندەها بوختان و زانیاریی نادروستی بۆ هەڵبەستراوە.
ئینجە هەروەها وتی: “”داوا لەو نەفس نزمانە دەکەم کە دەڵێن پارەی لە کۆشک وەرگرتووە و ناتوانێت پاشەکشە بکات. من ترسم لەو بوختانانە نییە کە بۆم کراون. 45 رۆژە بەرهەڵستی دەکەم. دوایین خاڵ کە پێیگەیشتوون ئەوەیە دەڵێن: ئەو ناتوانێت بکشێتەوە، چونکە تازە خۆ پارەکە ناگەڕێنێتەوە! دەست لە بەربژێربوونم هەڵدەگرم. ئەمە لەپێناوی نیشتمانەکەم دەکەم. سێیەمین بژاردەم بۆ تورکیا پێشنیاز کرد. گوتم نە جمهوور نە میلـلەت، تاکەڕێگە مەملەکەت. گوتم نە راستڕەو نە چەپڕەو، بەڵکو رێگەی ئەتاتورک. هەوڵی کردنەوەی رێڕەوێکم دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین”.
شایەنی باسە، لە ئێستادا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیا هەریەکە لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان رکابەریی دەکەن.