بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو، لە میانی سەردانەکەی بۆ سعودییە رایگەیاند، لەگەل خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە کۆبوونەوە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا خالد فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە سەردانی پارێزگاری هەولێریان بەبەهادار وەسفکرد و هەرێمی کوردستانیان بە ناوچەیەکی ستراتیژی پێناسەکرد.
دووپاتیانکردەوە، لە بواری وەبەرهێناندا سعودییە لە پەرەسەندن و گەشەی فراوانی ئابووری و وەبەرهێنان دایە، بۆیە ئارەزوو دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان پەرەپێبدەن.
لە کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو جەختی لەسەر گرنگی پێدانی زۆری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ سعودییە کردەوە و هەروەها بایەخی ستراتیژی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولای بە ئەرێنی هەڵسەنگاند.
هەروەها ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە گرنگی سازدانی کۆنفرانسی مانگی داهاتوو لە هەولێر کرد و بەشداری کردنی وەبەرهێنەرانی سعودییەی بە درێژەپێدەری پەیوەندییە مێژووییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعودییە لە قەڵەمدا.