جێگیرنەبوونی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق وایکردووە بانکی ناوەندی و حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی، چەندین ڕێوشوێن بگرنەبەر. بەڵام سەرەرای ئەو ڕێوشوێنانە نەیانتوانی رێگری بکەن لە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
ناسەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ بەهۆی چەندین هۆکارەوە دادەنرێت وەک لاوازی سیستەمی بانکی و بەکارهێنانی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕ لەشوێنی بانکەکان و گواستنەوەی پارەی تۆمارنەکراو و نافەرمی.
بۆ شڕۆڤە کردنی بارودۆخەکە و زانینی وردەکاری ئەم بابەتە، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئارمەغان ئوغور بایرام، بەرێوەبەری بانکی ئەلبەرەکە لە هەولێر (ئەربیل) ئەنجامدا.
ئاڵوگۆڕی پارە بەشێوەی نافەرمی چییە؟
سیستەمی بانکی، ئەو سیستەمەیە کە پارە تۆماردەکات. لە هەموو شوێنێکی جیهاندا پارە لە لایەن بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە تۆماردەکرێت. ئەو پارەیەی کە بەدەر لە سیستەمی بانکی دایە ئەوا بە پارەی تۆمارنەکراو ناودەبردرێت. ئەم کارە لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕەکان زۆر باوە. هەروەها زێڕفڕۆشەکان و ئەو کەسانەی کە بە پارەی کاش کار دەکەن لە ریزبەندی یەکەمی ئاڵوگۆڕی پارەی تۆمارنەکراوەکانن.
خەڵک بۆ چی روو لە ئاڵوگۆڕی پارەی تۆمارنەکراو دەکات؟
بێگومان تەنها بۆ قازانجکردنی پارەی زیاتر نییە، وەک لە هەموو جیهان لە عێراقـیش پێکهاتەی نایاسایی بوونی هەیە. لەوانەیە کەسانێک سوود لە ناوچە کۆنترۆڵ نەکراوەکان وەربگرن و پارەیەکی زۆر ببەنەوە. لەوانەیە کاری نائاسایی پێبکرێت و دەکرێت بۆ ماددە هۆشبەرەکان و چەک و بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەکار بێت یان پارەدارکردنی تیرۆر بێت.
پارەی تۆمارنەکراو باوە چونکە بەکارهێنانی ئاسانە. خەڵک لە نووسینگەی دراوەکان لێراهاتوون و متمانەیان لاواز بووە بەرامبەر بە بانکەکان. سێکتەری بانک بەداخەوە لە ماوەی ئەم ٤-٥ ساڵەی دوواییدا گەشەیکردووە، من ئەو کارانە بەرز دەنرخێنم کە دەیکەن. بەڵام سیستەمی بانک لاوازە بۆیە خەڵک رێگە ئاسانترەکە هەڵدەبژێرێت. پارەکەت دەبەیت بۆ نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو تا چایەکەت دەخۆیەوە پارەکەت دەگوازرێتەوە بۆ تورکیا یان دوبەی یان هەر وڵاتێک کە تۆ بتەوێت.
نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو داوای هیچ بەڵگەیەکی فەرمی ناکات. ئێمە وەک بانکەکان سەرەتا بۆ مامەڵە کردن داوای کردنەوەی هەژماری تایبەت بە خۆت دەکەین. لەگەڵ کردنەوەی هەژمار داوای هەموو بەڵگە فەرمیەکان دەکەین.
خەڵک لە سیستەمی بانک ئەترسێت، چونکە لە رابردوودا خەڵک پارەی لە بانک داناوە و نەیتوانیووە رایبکێشێتەوە، یانیش ئەو پارەیەی دایناوە بەهاکەی دابەزیوە و ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی متمانە و دوور کەوتنەوە لە سیستەمی بانک.
سەبارەت بە لاوازبوونی سیستەمی بانکی عێراق هیچ رێوشوێنێک گیراووەتەبەر؟
عێراق ڕێوشوێنی زۆر جددی لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە گرتەبەر. ئەمە شتێک نییە لە ڕۆژێکدا ڕووبدات، چونکە 80-90%ی حەواڵەی پارەی عێراق لە ڕێگەی کەناڵی نافەرمیەوە دەگوازرێتەوە، کە ئێمە پێی دەڵێین نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو.
ئاسان نییە ئەم ڕێژەیە بە یەکجار بخرێتە ناو سیستەمی بانکەوە.
بۆ حەواڵەکردنی پارەی تۆمارنەکراو چ رێگای تر بەکاردەهێنرێت؟
شێوازی سەرەکییەکەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوە، بەڵام لەم دواییانەدا دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئەم کارتە بانکییانە. ئەمە لە ڕاستیدا شێوازێکی زۆر باوی تاوانە داراییەکانە. پارچە پارچەکردنی پارەکە و پاشان یەککردنەوە لە وڵاتی مەبەست. دیسانەوە وەک وتم لەوانەیە لەم کارەدا کاری پارەی ڕەش هەبێت، بەڵام ناتوانم بڵێم تەواوی ئەم کارە پارەی ڕەشە. پارەی ڕەش سەرچاوەی پارەی نایاساییە وەک قاچاغی چەک و ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قومار.
خەڵک ڕوو لەو بانکانە دەکەن کە دەیان کارتی بانکی دەدەن بە کەسێک. پارە دەخاتە ناو هەریەکەیانەوە. دەچنە دەرەوەی وڵات و پارەی ئەم کارتانە بۆ ئەو شتومەکانە خەرج دەکات کە دەتوانرێت دەستبەجێ بکرێتە پارەی کاش. بۆ نموونە زێڕ لە نێوانیاندایە. ئەوان ئەو وڵاتانە هەڵدەبژێرن کە ئەو مامەڵانە کەمتر کۆنتڕۆڵ دەکرێن و مامەڵەکە ئەنجام دەدەن، دواتر ئەو کاڵایانە دەگۆڕن کە لە دەرەوەی وڵات کڕیویانە بۆ کاش و ئەو پارەیە لە بانکەکان دادەنێن. هیچ مامەڵەیەکی نایاسایی نییە، تەنها کۆمیشنی بانکی و باج و کرێی گواستنەوە نادرێت.
دەتوانم بڵێم کە هیچ جیاوازییەکی گەورە لە نێوان کۆمیشنی بانکەکان و کۆمیشنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕەکاندا نییە، کە پارەی تۆمارنەکراو دەگوازنەوە. بۆ ئەوە پێویست ناکات ئەم ڕێگایە بەکاربهێنرێت. چونکە هەموو مامەڵەیەک کە لە بانکەوە دەکرێت هەم فەرمییە و هەم کۆنتڕۆڵ دەکرێت. واتە هەر کڕیارێک داوای بەڵگەی هەر ئاڵوگۆڕ بکات کە کردوویەتی ئەوا دەتوانێ بە دەستیکەوێ. بەڵام لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو ئەو پڕۆسەیە نییە چونکە سیستەم نییە.
کردنەوەی هەژماری تایبەت ڕەنگە لە هەندێک بانک ئاسانتر بێت لە ئەوانی تر. هەندێک لە بانکەکان لەم ڕووەوە وریاترن. خەڵک خۆیان لە سنووردارکردن بەدوور دەگرن، بۆ نموونە بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت من ئەو پارەیەی کە دەینێری بۆ دەرەوەی وڵات، بەدەر دەکەم لە پشکنین، تا دەگاتە ١٠ هەزار دۆلار لە مانگێکدا، بەڵام جگە لەوە کاتێک ١٠ هەزار دۆلارت تێپەڕاند، دەبێت بەڵگەنامە پێشکەش بکەیت سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم پارەیەت ناردووە. ئەگەر بەپێی یاسا داراییەکان مامەڵە بکەیت، ئەوا هیچ کێشە و مەترسییەک لە کارکردن لەگەڵ بانکەکاندا نییە.
ئایا بڕیاری رێگریکردن لە دەرهێنانی دۆلار لە ATM بڕیارێکی دروستە؟
نەتوانینی پارە راکێشان لە ئامێری ATM ، تاکە بڕیار نییە کە درابێت. ئەو زنجیرە بڕیارە دووبارە و سێبارە بڵاوکراوەتەوە. مووچە بە دۆلار بوو کرا بە دینار، ئێستا کۆمپانیا گەورەکان ، تەنانەت لە کاتی فڕۆشتنی ئۆتۆمبێلیشدا نرخەکانیان بە دینار بڵاودەکەنەوە. ئەوەی بانکی ناوەندی دەیکات هەوڵدەدات بازاڕ ئاراستەی دینار بکات. ئەگەر بانکی ناوەندی وڵاتێک بیەوێت شتێک لە ڕووی داراییەوە بکات، ئەوا دەیکات. بەڵام لە ئێستادا بانکی ناوەندی عێراق نایەوێت ئەوە بکات. چونکە میکانیزمێک هەیە کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکات.
بانکی ناوەندی بە فەرمی چی دابین دەکات؟
بانکی ناوەندی بە نرخی ئەمڕۆی ئاڵوگۆڕی دراو قازانجێکی ١٥% بە بازاڕ دەدات. بەڵام ئەوە لە ڕاستیدا هاندانی خەڵکە و ئێستا خەڵک زۆر بە ئامادەییەوە هەژماری بانکی دەکەنەوە و خۆیان دەخەنە ژێر چاودێری لەناو سیستەمەکەدا. بانکی ناوەندی کارێکی دروست دەکات. لە ئێستادا سەرەتا خەڵک دەخاتە ناو سیستەمەکەوە و دواتر پارەی تۆمارنەکراو لەکاردەخات.
زۆربەی ئەو کەسە بازرگانانەی لێرە دەناسم زۆر بە پاک و خاوێنی کاردەکەن. هۆکاری بەکارهێنانی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردن ئەوەیە کە ڕاهاتوون و ئاسانە. بانکەکان لێرەن بۆ خزمەتکردنیان. سیستمی بانکی لە عێراق خەریکە گەشە دەکات و بەهێزتر دەبێت. هێشتا پێویستی بە کات هەیە، بەڵام هەنگاوی دروست دەگیرێتەبەر. بەڵام ئەمە تەنها بە پاڵپشتی خەڵک ڕوودەدات.
هەواڵ: ئەمیر دامرچی
فۆتۆ: ئەحمەد سیروان