وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، فوئاد حوسێن لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ لەندەن لەگەڵ سەرۆکی بانکی ئەورووپیی بۆ دووبارە بیناتنانەوە و گەشەپێدان (EBRD)، ئۆدیل رینۆ باسۆ کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە رێگاکانی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بانکەکە کراوە، بەجۆرێک ببێتە مایەی پتەوترکردنی کەرتی تایبەت لە عێراق و بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکیی.
لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی کاری ھاوبەشیی عێراق لەگەڵ بانکی ئەورووپیی، ئەوەیش بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە پلانی حکوومەتی عێراق بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان و ئاماژەی بەوەداوە کە کاری لەپێشنەی حکوومەتی عێراق، وەبەرھێنانە لە بواری وزە، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانی دارایی.
لای خۆیەوە ئۆدیل رینۆ باسۆ، سەرۆکی بانکی ئەورووپیی بۆ دووبارە بیناتنانەوە و گەشەپێدان(EBRD)، رایگەیاندووە کە بانکەکەیان خواستی ھەیە لەگەڵ عێراق کار بکات و بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت و وزەی نوێبووەوە.
دوێنێ دووشەممە فوئاد حوسێن بە سەردانێک کە دوو رۆژ دەخایەنێت گەیشتە لەندەن.