ساڵح مەهدی حەسناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، تا ئێستا 377 حاڵه‌تی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون له عێراق تۆماركراون.
دوێنێ چوارشەممە 12ـی تەمموزی 2023 كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای نیشتمانی بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون به سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق و ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان به‌ڕێوه‌چوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ساڵح حەسناوی رایگه‌یاند، تا ئێستا 377 حاڵه‌تی تووشبوون به‌و په‌تایه له عێراق تۆماركراون و رێژه‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌و نه‌خۆشییه 14%ـه.
ساڵح حەسناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق داواشی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كرد، رۆڵی خۆیان له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه بگێڕن و جه‌ختیشی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی له‌لایه‌ن ئاژه‌ڵداران و قه‌سابه‌كان كرده‌وه.
داواشی له هاووڵاتیان كرد، له ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی هه‌ر نیشانه‌یه‌كی ئه‌و نه‌خۆشییه، به‌شێوه‌یه‌كی پێشوه‌خته سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكه‌ن.