نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەتیف رەشید پێشوازیی کردووە لە ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتان و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باشە.
هەروەها وتی “لەئێستادا، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز”.
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەئێستادا، عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە و وتوویەتی: “عێراق ھەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکات”.
باسی لەوەشکردووە کە حکوومەتی عێراق، بەبێ بوونی ئاسایش و سەقامگیریی، ناتوانێت کارنامەکەی جێبەجێ بکات و جەختی کردووەتەوە کە گرنگە، هەوڵەکان لەپێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا، چڕتر بکرێنەوە.
بەپێ راگەیەندراوەکە سەرکۆماری عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماریی ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣ کردووە کە تایبەتە بە پێدانی پلەی پاتریارک بە کاردیناڵ لویس رافائیل ساکۆ و رایگەیاندووە کە ھەڵوەشاندنەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووریی بوو.