وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران لەگەڵ حوسێن عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
فوئاد حوسێن لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە رایگەیاند، “بەیەکەوە گفتوگۆمان لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوولا کرد، دەستووری عێراق بەشێوەیەکی روون ئاماژە بەوە دەکات، نابێت رێگەبدرێت بە هیچ جۆرە گرووپێک زەویی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی دیکە بەکاربهێنێت و لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە”.
وتیشی “هاوکاری ئەمنی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لایەنی عێراقی لە بنەڕەتدا پشت بە دەستوور و پابەندبوون بە دەستووری عێراقی دەبەستێت. بۆیە پلان و پابەندوون پێوەی باسکرا و ئێمە ئێستا لە سەروبەندی گەیشتنین بە ئامانجی کۆتایی پلانەکە. گرووپە جیاوازەکان لە چەک داماڵدراون لەسەر سنووری عێراق و ئێران، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران، ئەم کەمپانە لە داهاتوو دەکەونە ژێر پاراستنی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی. دووپاتی دەکەینەوە کە حکومەتیی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاربوونە. لەلایەن هەردوولا پلانەکە و پابەندبوون و جێبەجێکردنی پلانەکە خراوەتەڕوو”.
فوئاد حوسێن لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رایگەیاند، “دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات باشە، ئەگەر هەندێک کێشە و بابەتیش هەبن؛ هیوادارین لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بێت. رەوا نییە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات نایاب بێت کەچی لە هەندێک کاتدا هەڕەشە لە سەروەری عێراق بکرێت، هەڕەشە لە کوردستانی عێراق بکرێت بە بۆردوومان یان هەڵمەتی سەربازی، پێویستە دووربکەوینەوە لەم رێگەیانە، رێگەی دیکەمان هەیە، ئەویش رێگەی دانوستاندن و دیالۆگە”.
هەروەها وتی “رێککەوتنی ئەمنیمان هەیە، کاتێک لە تارانەوە رایدەگەیێنین کە پابەندی رێککەوتنی ئەمنین، هەروەک پێویستمان بە گەرەنتی لایەنی ئێرانیشە کە نابێت زمانی تووندتیژی و هێرشکردن بەکاربێت لە نێوان هەردوو گەلی دۆست و وڵاتی دراوسێ. ئێمە رێگەی جیاوازمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سوپاس بۆ خودا گەیشتووینەتە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن، کێشەکان بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر دەکەین”.