ئاڵتونکۆپری، ئەو شارۆچکەیەی کە جوانی زێــی گەورەی لەگەڵ تێکەڵبووە و دەکەوێتە نێوان شاری هەولێر (ئەربیل) و کەرکوک. ئاڵتونکۆپری بە مێژووی و کولتوور و فۆلکلۆرەکەی درێژە بە نەریتی تورکمانی دەدات و لەم رۆژانەدا سەرنجی زۆرێک لە گەشتیارانی عێراقی راکێشاوەتە سەرخۆی.
شوێنە گەشتیارەکانی کەنار رووباری زێی گەورە کە بە ناو شارۆچکەکەدا دەروات، وای کردووە بە گشتی خەڵکی شارەکانی عێراق و بە تایبەتی خەڵکی کەرکوک رووی تێبکەن، هەر بەم هۆیەوە وەک شوێنێکی گەشتیاری دەبیندرێت.
بۆ زانینی سوودەکانی شوێنە گەشتیارەکانی ئاڵتونکۆپری و بۆچوونی خەڵک سەبارەت بە دروستکردنی پرۆژەکە و بۆچوونی گەشتیارە عێراقیەکان، لێدوانێکمان لەگەڵ موراد نیزامەددین، بەرپرسی راگەیاندنی شوێنە گەشتیارەیەکانی ئاڵتونکۆپری ئەنجامدا.
موراد نیزامەددین ئاماژەی بەوە دا کە ساڵانێکە خەڵکی ئەم ناوچەیە داوایەکیان ئاراستەی شارەوانی کردبوو بە مەبەستی پاک راگرتنی کەنار رووبارەکە و وتی: “خەڵکی ئاڵتونکۆپرو دەیانویست زبڵ و خاشاکی کەنار رووبارەکە پاک بکرێتەوە، چونکە وەک زبڵدانی لێ هاتبوو. شارەوانیش بە پێی داواکاریەکانی خەڵک بریاریدا ناوچەکە بۆ ماوەی ٣ ساڵ بە کرێ بدرێت بەکەسێک کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە بوو کە شارەوانی دیاریی کردووە”.
هەروەها بەرپرسی راگەیاندنی شوێنە گەشتیارەیەکانی ئەڵتونکۆپری جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە کەسانێک هەیە ڕێگری لە دروست کردنی ئەم شوێنە گەشتیاریە دەکەن و دەیانەوێت پرۆژەی بیناسازی لە شارۆچکەکەدا بکەن و وتی: “خەڵکی ئاڵتونکۆپری زۆر بە جوانی پێشوازییان لە پرۆژەکە کرد. تەنانەت پرۆژەکە سەدا ٢٠ بۆ ٣٠ تەواو نەبووە بەڵام جووڵەیەک کەوتە بازاری شارۆچکەکە. لە رۆژانی جەژندا ژمارەی سەردانیکەران زیادی کرد و نەک تەنها لە کەرکوک بەڵکو لە هەولێر و داقوق و دوزخورماتوو و سەڵاحەدین-یش گەشتیار هەبوو. لە سایەی ئەم پرۆژەیەوە ئەوانەی کە دەچن بۆ هەولێر و سلێمانی و دوکان و تەقتەق ئێستا بە شێوەیەکی ئاسانتر و نزیکتر دێن بۆ ئاڵتونکۆپری.”
موراد نیزامەددین دەشلێت، “لە ڕۆژەکانی جەژندا تەنانەت هەفتەیەک مابوو بۆ کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لە عێراق سەرەڕای ئەمەش جەنجاڵییەکی زۆر هەبوو، ئارەزووی خەڵک لە رۆژانی هەینی زۆر زیاترە. پڕۆژەکە لە ماوەی یەک مانگدا گەیشتە ئەم ئاستە، بەڵام هێشتا خواردنگەکان و شوێنە تەندروستییەکان تەواو نەبوون. بە نیازین بەلەمێکی ١٥ کەسی و یاریەکانی هاوشێوەی شاری ترابزۆن بهێنین بۆ ئێرە.”
نیزامەددین تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەو کەپرانەی بۆ سەیران بەکار دێن لە ئێستا دا ژمارەیان ٢٠ دانەیە و پلانیان هەیە زیاد بکرێت بۆ ١٢٠ دانە. هەروەها پلانیان بۆ ئەوە هەیە کە لە ناو شوێنە گەشتیارییەکانی ئاڵتونکۆپری دوو مەلەوانگەی جیاواز بۆ منداڵان و گەوران دروستبکرێت.
نیزامەددین باس لە رەخساندنی هەلی کاری دەکات و دەڵێت: ئەم پرۆژەیە لە ئێستادا هەلی کاری بۆ نزیکەی ١٦ کەس رەخساندووە و کاتێک کە تەواو دەبێت هەلی کار بۆ ٢٠ کەس دەرەخسێنێت.
بەرپرسی راگەیاندنی شوێنە گەشتیارییەکانی ئاڵتونکۆپری دەڵێت، هەندێک قوتابخانە رایانگەیاندووە کە لە ئێستاوە دەیانەوێ بەشداری بەشێک لە چاڵاکیەکانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئاڵتونکۆپری بکەن.
لە کۆتایی وتەکانی نیزامەددین رایگەیاند کە بۆ یەکەم جار شوێنە گەشتیارییەکانی ئاڵتونکۆپری بە پاکی ماوەتەوە. لە هەموو جەژنەکاندا خەڵک لە دەست زبڵ و خاشاکی ناوچەکە گلەیی دەکرد. بەڵام لەمە بە دوا لە چوونەژوورەوە دا کیسی زبڵ و خاشاک دەدرێت بە سەردانیکەران و خەڵکەکەش بە چاوێکی جیاواز سەیری ئەم ناوچەیە دەکەن. لە چوونەژوورەوەدا هەزار دینار لە گەشتیارەکان وەردەگیرێت، پێش پڕۆژەکە چوونەژوورەوە بە خۆرایی بوو. بەڵام ئێستا توالێت و ئاوی پاک بۆ سەردانیکەران تەرخانکراوە، کەمووکوورتی لە شوێنەکە هەیە بەڵام باشتر دەبێت و زیاتر بەرەو پێشەوە دەچێت.
هەواڵ: ئیسرا قەسابئۆغڵو