کێشەی کەم ئاوی تەنگی بەهاووڵاتیانی هەولێر چنیووە و دەنگۆی دروستکردنی سێ دەریاچە بڵاوبۆتەوە

کێشەی کەم ئاوی تەنگی بەهاووڵاتیانی هەولێر چنیووە و دەنگۆی دروستکردنی سێ دەریاچە بڵاوبۆتەوە

تەممووز 22, 2023 17:41
کێشەی کەم ئاوی تەنگی بەهاووڵاتیانی هەولێر چنیووە و دەنگۆی دروستکردنی سێ دەریاچە بڵاوبۆتەوە
0

لایک

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین کێشەی کەم ئاوی لە هەولێر (ئەربیل) سەرهەڵدەدات و چەندین گەڕەکی شارەکە بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن، لەئێستاشدا کەمی ئاوی خواردنەوە لەگەڕەکەکانی شاری هەولێر تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنییووە.

لەپاڵ کێشەی نەبوونی ئاو لەهەولێر، بابەتی دروستکرنی ٣ دەریاچە لە هەولێر دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند ”لەهەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی سێ دەریاچە کاری لەسەر دەکرێت، پڕۆژەکە دەرخستە و هەموو ئامادەکارییەکى بۆ کراوە و رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ پێداچوونەوە و بڕیار لەسەردان.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند “ساڵانی رابردوو پلانێک ھەبوو سێ دەریاچە لە شاری ھەولێر دروست بکرێن، ئێستاش پڕۆژەکە بەردەستە و پێداچوونەوەى بۆکراوە بۆ جێبەجێکردنى و رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە تا بڕیاری لەسەر بدرێت.

بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی پڕۆژەکانی دروستکردنی دەریاچە و پۆند لەهەولێر، وەک رۆژنامەی تەبا چاوپێکەوتنێکامان لەگەڵ رێبوار حەسەن کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای ھەولێر ئەنجامدا و زانیاری نوێی لەبارەی دروستکردنی دەریاچە و پۆند و بەنداو لە هەولێر راگەیاند.

“لەئێستادا پڕۆژەی دروستکردنی ٣ دەریاچە، نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە”

لەسەرەتادا رێبوار حەسەن باسی لە راستی هەواڵی دروستکردنی پڕۆژەکە کرد و رایگەیاند، پڕۆژەی دروستکردنی دەریاچە لە هەولێر، تەنها دیزاین و دیراسەتی سەرەتایی تەواو بووە و لە ئێستادا نێردراوەتە ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی پڕۆژەکە، واتە لەئێستادا لەبواری جێبەجێکردن نییە چونکە گوژمەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام بەدەمەوەچوونێکی باش هەیە بۆ پڕۆژەکە و کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکوەزیران بایەخدارە بە بابەتی ئاو.

“ئەو سێ دەریاچەیەی کە بڕیارە دروستبکرێن سێ دەریاچەی گەورەن و چواردەوری دەریاچەکە هەموو دەکرێتە سەوزایی”

هاوکات بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر زانیاری و شێوازی پڕۆژەکەی بە پەیامنێری تەبا راگەیاند و وتی، “ئەو سێ دەریاچەیەی کە بڕیارە دروستبکرێن سێ دەریاچەی گەورەن، یەکەم دەریاچە دەکەوێتە نێوان گەڕەکەکانی سێبەردان و شاوێس، دەریاچەیەکی زۆر گەورەیە نزیکەی ٧٠٠ دۆنمە و رووبەرەکەی وەکو رووبەری پارکی سامی عەبدولرەحمانە، ئاوی دەریاچەکە لە زێی گەورەوە دێتە دەریاچەکە، جگە لەمەش چوارەدەوری دەریاچەکە هەموو دەکرێتە سەوزایی چەند تاڤگەیەک لەناوی دروستدەکرێت، پاشان ئاوەکەی دەگاتە ناو دەریاچەی دووەم کە شوێنەکەی دەکەوێتە یەکتربری شەقامی کەرکوک لەگەڵ ١٢٠ مەتری، کە ئەویش ١١٠ دۆنمە، پاشانیش دەریاچەی سێیەم شوێنەکەی دەکەوێتە یەکتربری شەقامی مەخمور لەگەڵ ١٢٠ مەتری کە رووبەرەکەی نزیکەی ١٢٥ دۆنمە”.

“ئاوی پڕۆژەی دروستکردنی سێ دەریاچەکە، لەزێی گەورە یان لە گۆمەسپان دابین دەکرێت”

رێبوار حەسەن باسی لەوەکرد، بڕیارە ئاوی پڕۆژەکە لە زێی گەورە یان لە گۆمەسپان بۆ دابین بکرێت و لەبارەی سوودەکانی ئەو پڕۆژەیە باسی لەوەکرد، “دەریاچە واتە بەدەستی مرۆڤ دروستکراوە و دەستکردە، بڕیارە ئاوی دەریاچەکان لە زێی گەورە یان دەربەندی گۆمە سپانەوە بۆ بێت. هەر سێ دەریاچەکە زۆر گەورەن و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر شارى ھەولێر. پڕۆژەکە زۆر ستراتیژییە و زۆر بەرهەمدارە بەتایبەتی بۆ کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و سوودی لە گۆڕانی کەشووهەوا دەبێت و سوودی ھەیە بۆ زیادکردنی بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان”.

“لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ سێیەم گەورەترین بەنداو لەهەرێم تەواو دەبێت”

لەلایەکی دیکەوە دوو بەنداوی گرنگ لەشاری هەولێر دەستکراوە بە دروستکردنییان کە ئەوانیش بەندوای گۆمەسپانە کە لەئێستادا کارکردن تییادا بەردەوامە و دەریاچەی بەستۆرەش کە بەم دواییە بەردی بناغەی داندرا، لەوبارەیەوە رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر رایگەیاند، “بەنداو و پۆند ئەوانە دەگرێتەوە کە لەسەر رێڕەوە سروسشتییەکانی ئاوی باران و رووبارەکان دروستدەکرێن، ئەوەی  ئێستا هەیە کە بەنداوی گۆمەسپانە قۆناغێکی باشی بڕیوە، ئەو بەنداوە بۆ ئاودێری سوودی هەیە و دەتواندرێت بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاربهێندرێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ تەواو دەبێت، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین بەنداوەکانی هەرێم وەک سێیەمین گەورەترین بەنداوی هەرێم دەناسێندرێت. بەهەمان شێوە بەنداوی بەستۆڕە بەنداوێکی ستراتیژییە و لەنزیک شەقامی پیرمام لەسەر رووباری بەستۆڕە دروستدەکرێت، لەنزیکی بەنداوەکەش ئێمە پڕۆژەی دوروستکردنی پۆندێکیشمان دانەوە کە ناوی لێ دەنێین پۆندی سەنحاریب کەلەکاتی خۆی لەو شوێنە ئاو بۆ قەڵای هەولێر نێردراوە”.

“جاران ئەو بارانەی کە زیانی هەبوو لافاوی دروستدەکرد، ئیستا سوودی لێوەردەگرین”

شایەنی باسە دوای ئەوەی ساڵانی رابردوو لەشاری هەولێر بەهۆی بارانی بەلێزمەوە چەند لافاوێکی گەورە دروستبوو بڕیاری دروستکردنی پۆند درا بۆ ریگریکردن لە لافاو، لەوبارەیەوە رێبوار حەسەن رایگەیاند، “پۆند واتە بەنداوی بچووک، سوودێکی زۆرییان هەیە وەک خەزنکردنی ئاوی زۆری باران و رێگریکردن لە لافاو، لەئێستادا ١٨ پۆند لەژێر دروستکردندان و لەدەورووبەری هەولێر دورستدەکرێن، یەکێک لەسوودە هەرە گرنگەکانی ئەو پۆندانە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوییە و بەرگرتنە لەلافاو و گڵدانەوەی ئاوی بارانە ، دەکرێت بڵێن جاران ئەو بارانەی کە زیانی هەبوو لافاوی دروستدەکرد، ئیستا سودی لێوەردەگرین، پڕۆژەی ١٠ پۆندی دیکەمان داوە بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر دروستکردنی بدات”.

“ئاو ئەگەر باش ئیدارەی نەکەی نامێنێت”

لەکۆتاییدا لەبارەی کێشەی کەم ئاوی لەهەولێر، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر رایگەیاند، ئاو ئابوورییەکی دەگمەنە ئاو تا هەتایێ نییە، ئاو ئەگەر باش ئیدارەی نەکەی نامینێت، لە رابردوودا چەندین کانی هەبوون ئێستا وشکی کردووە، لە ئێستاشدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر بەدوای پڕۆژەی ئیفراز چوارن، بە دابینکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار کێشەی ئاوی پاک لەهەولێر کۆتایی دێت و دروستکردنی ئەو پۆند و بەنداو و دەریاچانەش زۆر گرنگن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”.

هەواڵ: عەبدولسەلام توتنچی

En az 10 karakter gerekli