یەحیا رەسوڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، “ئەرکی هێزە ئەمنییەکان لەژێر رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد شیاع سوودانی بریتییە لە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان. هێزە چەکدارەکانی عێراق هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هەموو ئەو نێردە دیپلۆماسییانەی کە لە عێراق کاردەکەن، بە پێی رێککەوتنامەی ڤیەننا کە عێراق وەک حکومەت و هێزە چەکدارەکان تێیدا پابەندە”.
وتیشی “هێزەکانی عێراق لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا بوونیان هەیە و پابەندن بە پاراستنی هەموو موڵک و نێردە دیپلۆماسییە گشتی و تایبەتەکان لەسەر خاکی عێراق”.
یەحیا رەسول راشیگەیاند، “ئازادی رادەربڕین ئازادییەکی سروشتییە بەپێی دەستووری عێراق و ئێمە رێز لە ئازادی رادەربڕین دەگرین لە چوارچێوەی یاساییدا، ئەمەش ئەوەیە کە سەرکردایەتی سەربازی و حکومەتی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە، بەڵام رێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر موڵکی گشتی و تایبەت و نێردە دیپلۆماسییەکان”.