گۆشتفرۆشە تاقانەکەی قەیسەری هەولێر(ئەربیل) نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە لە کارەکەی
  • TEBA KURDİ
  • هەمەڕەنگ
  • گۆشتفرۆشە تاقانەکەی قەیسەری هەولێر(ئەربیل) نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە لە کارەکەی

گۆشتفرۆشە تاقانەکەی قەیسەری هەولێر(ئەربیل) نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە لە کارەکەی

ته‌مموز 23, 2023 11:45
گۆشتفرۆشە تاقانەکەی قەیسەری هەولێر(ئەربیل) نزیکەی سەدەیەکە بەردەوامە لە کارەکەی
0

لایک

بازاری قەیسەری کە بە کۆنترین و دێرینترین بازاری هەولێر هەژماردەکرێت و تائێستاش کرین و فرۆشتن تیایدا بەردەوامە. سەردەمانێک بازاڕی قەیسەری ناوەندی پیشە جیاوازەکانی خەڵکبوون، بەڵام لەئێستادا بە هۆی گەورە بوونی شارەکە و زۆربوونی بازاڕەکان هەندێک لەو پیشانەی کە لەکۆندا لەو بازاڕەدا هەبوون لە ئێستادا نەماون و یاخود چەند دووکانێکی زۆر کەم ماون کە بەردەوامی بە پیشە دەگمەنەکانی بازاڕەکە دەدەن.
یەکێک لەو پیشانەی کە لەکۆندا لە بازاڕەکە دەبیندرا و ڕێژەیەکی بەرچاو لە دووکانەکانی قەیسەرییان پێکدەهێنا پیشەی گۆشتفڕۆشی بوو، لەئێستادا تەنها یەک دووکان لەبازاڕی قەیسەری بوونی هەیە کە بەردەوامی بەپیشەی گۆشتفڕۆشی دەدات دووکانەکەی حاجی مستەفا قەساب و کورەکانیییەتی، کەناوبراو زیاد لە نیو سەدەیە بەردەوامە لە پیشەی گۆشتفرۆشی لە قەیسەری هەولێر.

وەک رۆژنامەی تەبا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ حاجی مستەفا ئەنجامدا و باسی لەوە کرد کە لەئێستادا تاکە گۆشتفرۆشی قەیسەری هەولێرە و وتیشی “چەندین بنەماڵە هەبوو کاری قەسابیان دەکرد و هەموویان لە دوکانەکانی خۆیان لە قەیسەری پیشەکەیان جێبەجێ دەکرد. پێشتر لە مەیدانی ئاژەڵان مەڕوماڵات هەرزانبوو لە ساڵی 1958ـەوە برا گەورەکەم ئاژەڵی دەکری و منیش لێرە دەمفرۆشت. 6-7 شاگردمان هەبوو. تەرازووەکانی پێشووتر جیاواز لە ئی ئێستا کیلۆ نەبوو ئامێرێک بوو پێمان دەوت ‘قیلە’ گۆشتەکانمان بەو ئامێرە دەکێشا”.

هاوکات لە ئێستادا کورەکانی حاجی مستەفا بەردەوامی بە پیشەکەی باوکییان دەدەن و یەکێ لە کورەکانی بەناوی شوان بەتەبای راگەیاند، “ئێستا باوکم کار ناکات و دوکانەکەی بۆ ئێمە جێی هێشتووە، رۆژانە بۆ چەند کاتژمێرێک دێت و سەردانی دوکانەکە دەکات، حاجی مستەفا قەساب ی باوکم کۆنترین گۆشتفرۆشی ناو بازاری قەیسەری هەولێرە”.

شوان حاجی مستەفا وتیشی، “لە ساڵی 1976ـەوە لێرەمە و تا ئێستاش بەردەوامین لەم کارە، باوکیشم لە ١٩٤٥ـەوە دەستی بە کاری گۆشتفرۆشی کردووە و تا ساڵی 2000 بەردەوام بوو لە کارەکەی و پاشان ئێمە بەردەوامیمان بە کارەکەدا، پێشتر لەم گەڕەکەی ئێمە لە بازاڕی قەیسەری هەمووی گۆشتفرۆشبوو تاکو لای مزگەوتی ئاڵتیپارماخ، بەڵام زۆربەیان مردوون و ئەوانەی ماویشن دوکانەکانیان فرۆشت یان گواستەوە بۆ شوێنی تر، تەنها ئێما ماوین لێرە”.

شوان حاجی مستەفا باسی لەوەشکرد، “لە کۆندا گۆشتفرۆش لە هەموو شوێنەکدا نەبوو تەنها لە بازاری قەیسەری و شێخەڵڵا و تەیراوە هەبوو. تەنها لەم سێ شوێنە گۆشتفرۆش هەبوو، بەڵام ئێستا لە هەموو شوێنێک و گەڕەکێک گۆشتفرۆش هەیە و بەم هۆیەوە کارەکەمان وەک پێشتر نەماوە و لاوازبووە، لە ئێستاشدا نرخی گۆشت زۆر گرانترە لە چاو رابردوو. گۆشتەکەی ئێمەش بەوە ناسراوە کە گۆشتی خۆمانە دەهێنین بۆیە نرخمان لەگەڵ شوێنەکانی دیکە گرانترە”.
لەبەردەوامی قسەکانی شوان حاجی مستەفا رایگەیاند، “کڕیاری تایبەتمان هەیە لە شوێنە جیاوازەکانی هەولێر، هەیە گۆشت بۆ ماڵەوە دەکرێت و هەیە بۆ خواردنگەکان دەبەن. کڕیارمان هەیە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە دێن لای ئێمە گۆشت دەکڕن، چونکە متمانەیان بە گۆشتی ئێمەیە، بۆیە بە بەردەوامی دێنە لامان بۆ کڕینی گۆشت و قیمە”.
لەبارەی جیاوازی بازاڕی رابردوو و ئێستا ناوبراو باسی لەوەکرد، “جیاوازی نێوان بازاڕی ئێستا و کاتی خۆی زۆرە، چونکە کاتی خۆی هەرزانی بوو خەلک بە ئاسانی گۆشتی پێدەکڕا، بەڵام ئێستا وەکو باسم کرد بەهۆی گرانی نرخەکەی و زۆربوونی گۆشتفرۆش و مارکێتەکان لە گەڕەکەکانی هەولێر بازاڕەکە وەکو پێشتر نەماوە”.

شوان حاجی مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە پیشەو کارەکەیان لەگەڵ خوێنیان تێکەڵبووە و دەیانەوێت لە دوای خۆیان منداڵەکانیشییان بەردەوامی بەم کارە بدەن.

هەواڵ: ئەمیر دەمیرجی

فۆتۆ: ئەحمەد هەیمەن

En az 10 karakter gerekli