فوئاد حوسێن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کوێت کۆبووەوە

فوئاد حوسێن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کوێت کۆبووەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغداد لەگەڵ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێت کۆبووەوە.

ته‌مموز 30, 2023 15:34
فوئاد حوسێن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کوێت کۆبووەوە
0

لایک

ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش بۆ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت ساز کراوە.

فوئاد حوسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح خستەڕوو و رایگەیاند کە لە کۆبوونەکەدا، بە دووقۆڵیی باسیان لە پەرەپێدان بە پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و کوێت، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ سەردانەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و ئاماژەی بەوە دا، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا، دۆسیەی دەستنیشانکردنی سنوور و بەردوامیدان بە کۆبوونەوەکانی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەبارەی دۆسیەکە تاوتوێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە پرسی سنوور لەنێوان عێراق و کوێت کۆتایی پێ بھێندرێت.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا، دۆسیەی نەوت و کێڵگە ھاوبەشەکان، بەشێک بووە لە گفتوگۆکانیان و رایگەیاند کە ئەنجامدانی گفتوگۆ تاکەڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

فوئاد حوسێن روونیشی کردەوە کە عێراق و کوێت خۆشحاڵن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان سعوودیە و ئێران و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە بواری ئەمنییدا بۆ پاراستنی ناوچەکە.

لای خۆیەوە سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێت رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسیان لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی تاوتوێ کردووە کە رەنگدانەوەیان لەسەر ئاسایشی کوێت و عێراق ھەیە.

سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح بە پێویستی زانی کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی دەست نیشان کردن سنووریی دەریایی و وتی ” لەوبارەیەوە لەگەڵ عێراقدا ھاوڕایان”.

ئاماژەی بەوەشداوە کە بڕیاریانداوە، بەم نزیکانە پاشکۆی بازرگانیی لە کۆنسولخانەی کوێت لە بەسرە بکەنەوە.

En az 10 karakter gerekli