محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئابى 2023، محەممەد شیاع سوودانى لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراق کۆبووەوە کە بەشدارییان لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگاى نەینەوا لە دەستى چەکدارانى داعش کردبوو.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەى رۆژنامەوانی سوودانی، لەو کۆبوونەیەدا سوودانى رایگەیاندووە، عێراق پێویستى بە هێزى شەڕکەری بیانی نەماوە و گەیشتوونەتە ئاستێکى پێشکەوتووى گفتوگۆ لەبارەى شێوازى پەیوەندى و هاریکاریی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو جیهان قەرزدارى قوربانییەکانى عێراقە لە شەڕى دژی داعش و وتی، “داعش تەنیا عێراقى بەئامانج نەگرت، بەڵکو هەموو جیهانى کردە ئامانج و پیلانگێڕییە گەورەکە دژى وڵاتانی ناوچەکە بوو.”