هاتووچۆی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، شەوی 28ی تەمووزی 2023، گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل یەک بەدوای یەک لەسەر چرای سووری ترافیک لایتی مەخمور ناوەستن و کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچیش یەک بەدوای یەک سەرپێچیان بۆ تۆمار دەکات، لە ڤیدیۆکە کەسێک قسە دەکات و دەڵێت ئەوە کەژاوەی دوای مردووێکە و بۆ گۆڕستان دەچن، کەچی کامێرە سەرپێچیان بۆ تۆمار دەکات.
هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و هیچ کارمەندێکی هاتووچۆ کۆنترۆڵی بەسەریانەوە نییە. واتا بە ئۆتۆماتیکی کاردەکەن و وا دیزاین کراون کە سەرپێچی بناسنەوە و تۆمار بکەن، جا بە هەر هۆکار و لەلایەن هەر کەسێک بێت.
روونیشیکردەوە، بەپێی یاسا رۆیشتن لە دوای کەژاوەی مردوو بەحاڵەتی لەناکاو و بەپەلە ئەژمار ناکرێت. بە پێچەوانەوە رانەوەستان لە ترافیک لایت لە کاتی چرای سووردا ئەگەری کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە دەبووایە هەموو ئۆتۆمبێلەکان بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتیانی دیکە سەرپێچی نەکەن و لە چرای سوور نەدەن.