وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بەفەرمی بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لە ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئابی 2023 وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیاری بلۆککردنی تێلێگرام بەپێی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتە باڵاکانی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتیانە، بەو پێیەی دەرکەوتوە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکە زانیاریە کەسییەکانی هاووڵاتیان دزەیپێکراوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت چەندین جار داوای هاوکارییان لە کۆمپانیای بەڕێوەبردنی ئەپلیکەیشنی ئاماژەپێکراو کردوە بۆ داخستنی ئەو پلاتفۆرمانەی کە دەبنە هۆی دزەکردنی داتای دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و زانیاری کەسی هاوڵاتیان، بەڵام کۆمپانیاکە وەڵامی هیچ کام لەو داواکاریانەی نەداوەتەوە و پابەندی هیچ کام لەو داواکارییانە نەبووە.