ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وای کرد کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق درێژبکرێتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی پێدەهات. ئەمەش وای کرد هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق دوابخرێت.
لە دانیشتنەکەی ٣٠ـی ئایاری دادگای فیدراڵی عێراقی ئەوە خرایەڕوو کە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عێراق دژ بە یاسای دەستوورە. لە دوای ئەم بڕیارە پەرلەمانتاران دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند و پەرلەمانی کوردستان-عێراق-ـیش هەڵپەسێندرا.
لە دوای بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان بڕیار وابوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بڕیاری دا لە ١٨ـی کانوونی یەکەم ئەنجامبدرێت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش رایگەیاند کە بە هۆی نزیکبوونی بەروارەکەیان ئەستەمە کە هەردوو هەڵبژاردن لە یەک کاتدا بکرێت.
لە کۆتاییدا لە رۆژی دووشەممەی ١٠ـی مانگی تەمموز راگەیەندراوێک لەلایان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە کە بە واژووی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق کرابوو کە تێیدا هاتووە داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرێوەببەن.
بە پێی فەرمانەکە، بەرواری ١٨ تشرینی دووەم ساڵی ٢٠٢٣ دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و داوا لە کۆمسیۆن دەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراو بکرێت. ئەگەر نەتواندرا لە کاتی خۆیدا بکرێت ئەوا ویستی ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە یەک کاتدا ئەنجامبدرێت.
لە دوای داواکارییەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق روونکردنەوەیەکی بۆ راگەیاندنە ناوخۆییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئامادەکارییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لایەنی کەم ٦-٧ مانگی پێویستە و هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا ناتواندرێت ئەنجامبدرێت.
هەر لەم بارەیەوە بۆ زانینی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و زانینی دوایین پێشهاتەکان لێدوانێکمان لەگەڵ هەندرێن مەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
پەرلەمانی کوردستان-عێراق رایگەیاندبوو کە کۆمسیۆن کارا کرایەوە. ئایا لەم بارەیەوە کارەکانی کۆمسیۆن دەستیپێکردووە؟
دوای ئەوەی کە کۆمسیۆن کارا کرا بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرچوو بەوەی کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە پێی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵ بە نائاسایی دانرا، بۆیە کارەکانی کۆمسیۆن لەگەڵ کارەکانی پەرلەمان لە ئێستا دا راگیرا. ئێستا چاوەڕێین بزانین پەیڕەوی سیاسی هەرێمی کوردستان چ رێکار و شوێنێک دەگرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق توانای هەیە لە یەک کاتدا نەک یەک هەڵبژاردن، بەڵکو سێ هەڵبژاردنیش ئەنجام بدات
روونکردنەوەیەک لە لایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق درا کە ناتوانن هەردوو هەڵبژاردن لە بەرواری نزیک ئەنجامبدرێت. قسەتان چییە لەسەر ئەمە؟
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێم مانگی ١٠ی ساڵی پاریشی دیاریکرد بەڵام ئەو کات ئەوە بوو کە حزبەکان نەگێشتنە رێکەوتنێک لەسەر هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن ئەوە بوو چێشمە چێشم هەبوو لەسەر چوار بازنەیی و پێکهاتەکان و هەندێک سیستەمی تر. ئەوە بوو جارێکی دیکە سەرۆکی هەرێم وەک ئەرکێکی یاسایی و دەستووری خۆی ١٨ـی ١١ـی دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەو جارەش بەداخەوە بریاری دادگای فیدراڵ دەرچوو، ئەوە بوو کە کارەکانی کۆمسیۆن راوەستان، دیسان سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە داوای لە کۆمسیۆنی عێراق کرد هەڵبژاردن بکات بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پاساوی ئەوەی کە خەریکی هەڵبژاردنەکانن ئەو هەڵبژاردنەیان پێ ناکرێت. هەرچەندە ئەگەر بگەرێیەوە سەر بۆچوونی شەخسی خۆم، من وەک کەسێک لە بواری هەڵبژاردن ٢٠ ساڵە کار دەکەم، پێشبینیم دەکرد کە کۆمسیۆنی عێراقی هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدات، بە تایبەتی ئەمە ماوەی ١٠ ساڵە بەرێوەبەری گشتی بووم لە کۆمسیۆنی عێراقی و کۆمسیۆنی عێراقی توانای هەیە نەک هەڵبژاردنێک بەڵکو سێ هەڵبژاردن لە یەک کاتدا بکات.
کۆمسیۆنی عێراقی دەڵێت کە ناتوانم ئەنجامی بدەم، بەڵام هۆکارە فەننیەکانیشمان پێ ناڵێت بۆ ئەنجامی نادات، گرینگە هۆکاری نەکردنی هەڵبژاردن بڵێت وەکو لەگەڵ ئەم برگەیەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان یەک ناگرێتەوە یان هەڵبژاردنی کوردستان لەرووی مەشق و ئامادەکردنی کەلوپەلەکان ناتوانن ئەنجام بدەن، پێویستە بە شێوەیەکی هونەری وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەوەی گوێمان لێ دەبێت باس لەوە دەکەن کە پێمان ناکرێت، پێویستە زیاتر روونکردنەوە بدەن وەک باسم کرد، بە پێی ئەزموونەکانم کۆمسیۆن بە تایبەتیش ئێستا کە ٢٠ ساڵە خزمەتی هەیە و توانای هەیە و ئەزموونی باشی هەیە تا بتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە ببات، هەر نموونەیەکی بەرچاو؛ ساڵی ٢٠٠٥ تەمەنی کۆمسیۆنی عێراقی کە ئەو کاتی منیش لەوێ بووم ٣ مانگ بوو لەگەڵ ئەوەش دا لە ٣٠-١-٢٠٠٥ لە هەرێمی کوردستان سێ هەڵبژاردنمان ئەنجامدا. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی، هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان. باشە ئێستاکە کۆمسیۆنی عێراقی ٢٠ ساڵە ئەزموونی هەیە ئەو هەموو پاڵپشتییەی هەیە ئەو هەموو تەکنەلۆجیایەی کە لەبەر دەستیتی! بە بڕوای من ئەگەر بیانویستبا دەتواندرا ئەم هەڵبژاردنە لە کاتی خۆی ئەنجام بدرێت یان لایەنی کەم لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت. بەیەکەوە ئەنجامدانی ئەو دوو هەڵبژاردنە زۆر گرنگ بوو بۆ کەمکردنەوەی بودجەی هەڵبژاردنیش، چونکە تۆ یەکجار خەرجی دەکەی و بەهەمان ئەو کارمەندانەی کە دادەمەزرێن هەردوو کارەکەیان پێ ئەنجام دەدەی، بەڵام بەهەرحاڵ ئەوە بریاری ئەوانە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر یاساکانی خۆیدا ئەنجامبدات
هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بەرێوەدەچێت؟
کۆمسیۆنی عێراقی دوو یاسای هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یاسای ٢٠١٩ـی کۆمسیۆنی عێراقی و یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠١٤ کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانە، کارەکان لەو یاسایەی وەردەگرێت، ئێمە هەموو هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان و لۆکاڵیەکان ئەنجام دەدەین، واتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆمسیۆنی عێراقی، جگە لەوەی کە هەڵبژاردن لە ١٥ پارێزگاکەی عێراق دەکات هەڵبژاردنە فیدراڵیەکانیش بەڕێوەدەبات، ئێستا بەهۆکاری ئەوەی کۆمسیۆنی هەرێم بوونی نییە، کۆمسیۆنی عێراقی بە پێی یاسای خۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەڕێوەببات.
“دواخستنی هەڵبژاردن بژاردەیەکی خەراپە”
ئایە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنەکان دوادەخات؟ سەبارەت بەم بابەتە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت؟
دواخستنی هەڵبژاردن هەردەم هەڵبژاردەیەک و خەیاڵێکی خەراپە، لەبەر ئەوەی پرۆسەی دیموکراتی پێویستی بە چەند جارە و بە شێوەیەکی تەواو هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدات، هیوام ئەوەیە کۆمسیۆن و دەسەڵاتی هەڵبژاردن هەر كێیەک بێت، جا چ کۆمسیۆنی هەرێمی کوردستان یان کۆمسیۆنی عێراقی، نەبێتە بەربەست لە بەردەم پرۆسەی دیموکراسی.
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن چەند کاتی پێویستە؟
ئامادەکاری هەڵبژاردن وەک باسم کرد، ئەگەر بگەرێنەوە سەر ئەو ٢٠ ساڵەی تەمەنی کۆمسیۆنی عێراقی، کە خۆشم لەوێ بووم جار هەبووە بە سێ مانگ هەڵبژاردنی کردووە جار هەبووە بە چوار مانگ جار هەبووە بە ساڵێک، ئەوە دەگەرێتەوە سەر ئەوانەی لەوێ کار دەکەن، چ بریارێک دەدەن، چ تەکنەلۆجیایەک بەکار دەهێنن یان چ میکانیزمێک، وا دەکەن کە شتەکان تەریب برۆن. من لەو بڕوایە دام ئەگەر هەوڵەکان چڕ بکرێتەوە ئەو ماوەیەی کە ماوە دەتوانرێت کۆمسیۆنی عێراقی ئەم هەڵبژاردنانە رێکبخات، بە تایبەتیش کۆمسیۆنی عێراقی توانایەکی زۆری هەیە، تۆماری بایۆمەتری هەیە کە هیچ پێویست بە نوێکردنەوە ناکات ،ئەو سەنتەرەی کە ئەنجامەکان وەردەگرێت دەتوانی ئەنجامەکانی ئێمەش وەربگرێت، بۆ نموونە کۆمسیۆنی عێراقی لەکۆتا لێدوانی دەڵێت سێرڤەرەکانم ناتوانن ئەنجامی دوو هەڵبژاردن بە ئەلەکترۆنی و بە ئەنتەرنێت وەربگرێت، بەڵام ئەگەر سەیری دیزاینی کارتی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەیت بەراوردی بکەین لەگەڵ دیزاینی کارتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەمان سیستەمە. ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانیش دەکرێت، دەتوانی لە هەمان سێرڤەر وەریبگری.
“پەرلەمان لە ئێستادا بوونی نییە”
پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند و پەرلەمانیش هەڵپەسێندرا. پرۆسەی داهاتوو چی دەبێت؟
بە پێی یاسا هەر کەسێک ئەو مەرجانەی یاسای خانەنشینی تێدابێت خانەنشین دەبێت، پەرلەمان ئێستا نەماوە چاوەڕێ دەکرێت تا پەرلەمانێکی تر هەڵدەبژێردرێت، ئەو ئەندام پەرلەمانانە خانەنشین بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە پەرلەمان و کاری پەرلەمان نەماوە، واتە سیستەمی دەسەڵاتی یاسادانان جارێ وەستاوە لە هەرێمی کوردستان ناتوانن یاسا دەربکەن و ناتوانن چاودێری بکەن.
ئێمە حکومەتێک و سەرۆکایەتیەکمان هەیە ئەوانە کار دەکەن، بۆ نموونە لە حکومەتی فیدراڵیش چەند جار پەرلەمان و هەڵبژاردنەکان ئەنجام نەدراوە و حکومەت بووەتە حکومەتی کاربەڕێکەر، ئەو کەموکووڕییەی کە لێرە گرفت درووست دەکات تەنها ئەوەیە تۆ بەیانی پێویستت بە یاسایەکە بەڵام دەسەڵاتێکی یاسا دانان نییە کە یاسایەکەت بۆ دەربکات، ئەگەرنا کارەکانی دیکە کێشەی نییە، چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر کە پێش ئەو قۆناغە هەر کاربەڕێکەر بووە، کار راگر نەبووە تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە، دەسەڵاتی یاسادانانمان نییە ئەگەر پێویست بە یاسایەک بێت، ئەو لایەنەی دەسەڵاتی یاسا دانانە ناتوانێت یاساکان دەربکات.
ریپۆرتاژ: نورهان کەرخی
فۆتۆ: ئەحمەد سیروان نەجار