دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکردنی 35 کەسی بەتۆمەتی بێزارکردنی هاووڵاتیان و هەڕەشەی بڵاوکردنەوە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی لەشەش پارێزگا راگەیاند.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەپێی فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری، 35 تۆمەتبار بەتۆمەتی بێزارکردنی هاووڵاتیان دەستگیرکراون، کە جۆرەها تاوانیان ئەنجامداوە، هەروەها هەڕەشەیان کردووە ئەگەر پارەیان پێنەدرێت، وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی قوربانیەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکەنەوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە لە پارێزگاکانی (ئەنبار، دیالە، بابل، کەربەلا، واست، کەرکوک) بوون، لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانەش دەستگیرکراون کە لەلایەن قوربانییەکانەوە تۆمارکراون، هەربۆیە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختیشیکردەوە، “وتەی سەرجەم تۆمەتباران تۆمار کراوە و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆئەوەی رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر”.