بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان عێراق و تورکیا کە لە فاوەوە دەستپێدەکات و بە هەرێمدا تێدەپەڕێت و دەگاتە تورکیا لە ساڵی 2028 تەواودەبێت، دەشڵێت، “کۆی تێچووی پڕۆژەکە حەوت ملیار دۆلارە“.
یونس خالید، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، کۆی تێچوی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان عێراق و تورکیا 17 ملیار دۆلارە کە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی پێشکەوتوو و شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریشی بۆ کڕینی هێڵەکەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە لە فاوەوە دەسپێدەکات و بە هەرێمدا تێپەڕدەبێت و دەچێت ناو خاکی تورکیاوە کە هەزار و 200 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی و پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژییە، عێراق دەگۆڕێت بۆ سەنتەرێکی لۆجستی لە ناوچەکدا و ساڵی 2028 تەواودەبێت.
یونس خالید ئەوەشی وت، لە ئێستادا دیزاینی پڕۆژەکە تەواوبوە بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە و دەبێتە رێگەی گەشەسەندنی ئابوری لە نێوان دو وڵاتدا.
لە رۆژی 11ی (ئازاری/3)ی 2023 عێراق و تورکیا لە چوارچێوەی سەردانێکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا ژمارەیەک رێککەوتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ حکومەتی ئەنقەرە واژۆکرد لە نێویاندا پڕۆژەی دامەزراندنی هێڵی ئاسنی نێوان بەسرە و تورکیا بوو کە وڵاتانی کەنداو بە وڵاتانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.