بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، بە فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە. ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راگەیاند: “لە رێوڕەسیمێكی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەم هەفتەیە بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ بخرێت”.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.