مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، هێرشیکردووەتەسەر دوو “ئامانجی ستراتیجى” لە باشوورى ئیسرائیل.
مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، چەند گرووپێکى چەکدار لەخۆدەگرێت، دیارترینیان کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراق، نوجەبا و کەتیبەکانى سەید شوهەدان، بۆ یەکەمجار لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023 وەک قەوارەیەک دەرکەوت، کاتێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا راگەیاند.
هێرشەکە لە کاتێکدایە رۆژى 19ـی ئەم مانگە وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تێیدا شەش گرووپی چەکداری عێراقی بە هێرشکردنەسەر ئیسرائیل تۆمەتبارکرد و ئاماژەى بە بەکارهێنانى ماددەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردبوو، کە تیایدا مافى بەرگری لە خۆکردن بە هەر وڵاتێک دەدات کە رووبەڕووى هەڕەشە ببێتەوە.