چوار ساڵ لە تەبا

چوار ساڵ لە تەبا

لە راستیدا دوای ئەوەی لە گرووپی میدیایی تەبا جیابوومەوە بڕیارمدابوو لە ٤ نووسیندا باس لە چوارساڵی کارکردنم لە تەبا بکەم. بەڵام بە پێویستم زانی لە یەکەم مانگی دوورکەوتنەوەم کورتەیەک لەبارەی ئەم ساڵانە باس بکەم کە هۆکارەکەی دواتر دەخەمەڕوو.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
چوار ساڵ لە تەبا
0

لایک

لە راستیدا دوای ئەوەی لە گرووپی میدیایی تەبا جیابوومەوە بڕیارمدابوو لە ٤ نووسیندا باس لە چوارساڵی کارکردنم لە تەبا بکەم. بەڵام بە پێویستم زانی لە یەکەم مانگی دوورکەوتنەوەم کورتەیەک لەبارەی ئەم ساڵانە باس بکەم کە هۆکارەکەی دواتر دەخەمەڕوو.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٧دا کۆتا مانگەکانی خوێندنم بوو لە پەیمانگا و هاوکات ماوەی ساڵێک زیاتر بوو لە رێگەی رێخراوی گەنجانی بەرەی تورکمانی عێراقی خۆبەخشانە کارم دەکرد. هەموو ئاواتم ئەوەبوو کە بتوانم خزمەتێکی باشم هەبێت بۆ گەلی تورکمان. بەڵام ئیتر هەستم دەکرد کە ئەو کارەی دەیکەم تەنها خزمەت بەخۆم دەکات و سوودێکی نەتەوەیی نییە. بەم هۆیەوە هێدی هێدی نائومێد دەبووم لەو کارانەی دەیکەم.

لە درەنگە شەوێکدا پەیوەندیم پێوەکرا و بووم بە بەشێک لە پرۆژەی لەدایک نەبووی تەبا. لەگەڵ هاوکارانم هەوڵێکی زۆرماندا تا ئەو پرۆژەیە لە نووسراوەوە بگۆڕین بۆ ئەرزی واقع. خۆشبەختانە لە ١ـی حوزەیرانی ٢٠١٧ بە فەرمی دەستبەکاربووین لە ١٥ی حوزەیران یەکەم رۆژنامەمان خستەبەر دیدی خوێنەران. لە کاتێکدا تەنها وەکو رۆژنامە دەستمان پێکرد، بەڵام ئەو جۆش و خرۆشەی هەمانبوو وایلێکردین پرۆژەکەمان گەورەتر بکەین. هەرچەندە ئەوە کارێکی قورس بوو بۆ بەشێکی زۆرمان، چونکە تەبا کۆمەڵێک قوتابی کۆکردەوە کە تا ئەو رۆژە هیچ باکگراوندێکی میدیاییان نەبووە لەگەڵ تەبا چوونەتە ناو بواری میدیاییەوە. بەڵام ئەمە بەربەستێک نەبوو لە سەرکەوتنی تەبا. هێزی گەنج، هەستی بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە گەلی تورکمان و بەڕێوەبەرێکی رێنیشاندەر وایکرد کە رۆژ لە دوای رۆژ تیمێکی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ دروست بێت. ئەنجامەکەشی ئێستا دیارە کە تەبا نەک تەنها لەناو تورکمان و هەولێر، بەڵکو لەتەواوی ناوچەکانی تورکمەنئێلی و لەلایەن نەتەوەکانی دیکەشەوە دەناسرێت و بەڕێزەوە سەیری دەکرێت.

دەمەوێت وەک کەسێکی بێلایەن کە ئێستا بەشێک نیم لە تەبا، باسێکی رۆژانی رابردوو بکەم. لە سەرەتادا کە کارمان دەکرد کارەکە بەبێ کێشە دەگوزەرا چونکە هەموو کەسێک هێشتا نەیدەزانی ئامانجی تەبا چییە و خزمەتی کێ دەکات. سەرەتا نەک تەنها لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوەکانی تر بەڵکو لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تورکمانیش کێشەمان هەبوو. چونکە هەموویان دەیانویست تەنها قسە بۆ میدیایەک بکەن کە خزمەتی هەمان سەرچاوەی خۆیان دەکات. کەچی ئامانجی تەبا تەنها خزمەتکردنی تورکمان بوو. بەداخەوە ئەمەش دەبووە هۆی ناڕەحەتی ئەو کەسانەی کە خەمی خزمەتکردنی تورکمانیان نەبوو. خۆشبەختانە کارە جوانەکانی تەبا وایکرد کە هێدی هێدی هەموو نەیارەکان حەز بە دیداری تەبا بکەن. زۆرێک لەو کەسانەی تەبا-یان رەت دەکردەوە، بە پەیامی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ داوایان لە تەبا دەکرد کە چاوپێککەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدات. ئەوەی باسی دەکەم رێکلام نییە بەڵکو راستییەکە کە دەتوانم بە بەڵگەوە بیسەلمێنم. لەپاڵ بەرپرسە تورکمانەکان، توانیم و توانیمان بگەینە ئەو بەرپرسە کوردانەی کە بەشێکی زۆری کەناڵە کوردییەکان ناتوانن پێیبگەن.

سنووری جوگرافی کارکردنمان لە هەولێرەوە بەرەو تەواوی ناوچەکانی تورکمەنئێلی، دواتر تەواوی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگاکانی عێراق درێژبوویەوە. ئەوەش شانازییەک بوو بۆ من کە توانیم ببم بە بەشێک لەم گەورەبوونەی تەبا تا وای لێهات رۆژنامەی تەبامان کرد بە گرووپێکی میدیایی. لە نووسینەکانی داهاتوومدا باس لە وردەکاری رووداوە خۆش و ناخۆشەکانی دەرەکی دەکەم کە لە چوار ساڵی کارکردنمدا بەسەرم هات و بینەری بووم. بەڵام ئەم نووسینەم تەنها کورتەیەک بوو لەبارەی ساڵە پڕ شانازییەکانم.

جیابوونەوەم لە تەبا بڕیارێکی وا ئاسان نەبوو. چونکە تەبا عەلی عەنتەری لە بواری میدیا لە سفرەوە گەیاندە ئەو رۆژە کە ئێوەی بەڕێز دەتوانن حوکم بدەن لەسەری. بەڵام ئەوەی دڵگرانی کردم ئەو دەنگۆیانە بوون کە لەدوای جیابوونەوەم لە تەبا دروست بوون لەلایەن خەڵکەوە. بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم تەبا دەزگایەک نییە کە رێز لە ماندووبوون و شەونخوونی کارمەندەکانی نەگرێت. خۆشبەختانە بەرامبەری ماددی و مەعنەوەی هەموو ئەو ماندووبوونەم وەرگت و ئەوەی لە زیادەوە دەستمکەوت، ئەو شانازییە بوو کە ئێستا لە شوێنەکان باسی لێوە دەکەم دەڵێم من یەکێکم لە دامەزرێنەرانی تەبا و ئەوان منیان فێرە هەموو ئەو کارانە کرد کە ئێستا دەیزانم و منیش لەرێگەی تەباوە خزمەتێکی گەورەی تورکمانم کرد.

ئەو شانازییەی باسی دەکەم زیادەڕۆیی نییە چونکە تەبا تاکە میدیای تورکمانییە کە بە لاساییکردنەوە کار ناکات و هەمیشە پێشەنگە لە کارە نوێکان، بە جۆرێک لەلایەن میدیا گەورەکانەوە کارەکانی لاسایی دەکرایەوە و جار جار لەلایەن میدیا تورکییەکانەوە هەواڵەکانی بڵاودەکرانەوە.

سەبارەت بە هۆکاری جیابوونەوەم لە تەبا کە بووەتە جێگەی پرسیاری زۆر کەس و بەردەوام پرسیارم لێدەکرێت، روونکردنەوەیەک دەدەم. وەک پێشووتریش ئاماژەم پێدا جیابوونەوەم لە تەبا بڕیارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام خۆشبەختانە بڕیارێک بوو کە دوای هیچ کێشەیەک نەدراوە. من بەهۆی هەندێک کار و پرۆژەی خۆم و خانەوادەکەم پێویست بوو ماوەیەک کار نەکەم خۆم بۆ کارەکان تەرخان بکەم. راستە دوای دەستبەرداربوونی کارەکەم لەلایەن چەند دەزگایەکی میدیایی و کەناڵێکەوە پێشنیاری کارکردنم بۆکرا، بەڵام هەمووان دڵنیا دەکەمەوە، هیچ کار و ئیمتیازاتێکی تر بۆمن ئەوەندە بە نرخ نییە کە تەبای بۆ جێبهێڵم. چونکە چوار ساڵی تەبا بە چوار ساڵی زێڕین لە ژیانی خۆمدا دەبینم و کەسانێکی زۆر باشم تێدا ناسی کە ئێستاش بەشێکی گرنگی ژیانی منن. دەتوانم بڵێم تەبا ئێستاش ماڵی منە و ئێستاش من کارمەندێکی خۆبەخشی ئەو دەزگا جوانەم.

وەک پێشووتریش ئاماژەم پێدا لە نووسینەکانی داهاتوومدا زیاتر باس لە کارەکانم دەکەم و ئەو چوار ساڵە زێڕینە بە وردەکارییەکانیەوە دەخەمە بەرباس.