ئایدن مەعروف: ئامانج لە هێرشەکە تێکدانی سەقامگیرییە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەرکۆنەی هێرشەکەی شەوی رابردوو دەکات.

لە بڵاوکراوەیەکدا ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر رێگای هەولێر(ئەربیل) -–پیرمام لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین".

هاوکات ئایدن مەعروف وتی، "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە مەبەست لێی بەئامانج گرتنی خەڵکی سیڤیل و تێکدانی سەقامگیرییە. هەروەها هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

شەوی رابردوو کاتژمێر 9:35 خولەک درۆنێکی بۆمبرێژکراو لەسەر رێگای پیرمام-هەولێر(ئەربیل) کەوتە خوارەوە و لەئەنجامدا 3 هاووڵاتی برینداربوون و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و چێشتخانەیەک زیانی ماددی بەرکەوت.