“ئایا دزەکە نەگیرا” ؟

“ئایا دزەکە نەگیرا” ؟

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
“ئایا دزەکە نەگیرا” ؟
0

لایک

هاونیشتمانیانی وڵاتی عێراق بە (عەرەب و کورد و تورکمان و گشت نەتەوە و پێکهاتە و ئایینە جیاجیاکان) لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری عێراق لە ساڵی 1920ـەوە تائێستا خۆشی و ئارامیان بەخۆوە نەدیوە، دەکرێت ئەم قسانە لەلاتان تازە نەبێت چونکە رێگا نادرێت ئەقڵ و بیرکردنەوەکان بەرەو پێش ببەین بەڵکو هەر دەیانەوێت بیر لە داهاتوو بکەینەوە و چاومان بەرامبەر بەرەوپێشچوونەکان کوێر بێت و گوێچکەکەنمان کەڕ بن و خۆیان خێر و بێری وڵاتەکە بخۆن و لە بڕی دانیشوانی عێراق رزق و رۆزییەکانی ئەو وڵاتە بە هەزاران و سوپاس و ستایشەوە بدەنە وڵاتانی دەرەوە.


هەموو دایک و باوکێک هیواخوازە منداڵەکانیان گوێڕایەڵی گەورەکان ببن چونکە هەرچۆنێک بێت گەورەکان ژیانێکیان بەڕێ کردووە و کۆمەڵێک شارەزاییان لەو رووەوە پەیداکردووە، بە هەرحاڵ ئێمە گەیشتینە ساڵی 2023 و بە تەواوی ماوەی 103 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆمارێک تێپەڕیوە بەڵام ئەم کۆمارە هێشتا منداڵە، کەچی منداڵێکە کە بەڕاستی گوێ بە ئامۆژگاریی دراوسێەکانی دەدات، بەڵام چی دراوسێیەک؟!!! ئەی هاوار دراوسێیەک کە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئابڵووقەی ئابووری لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە خراوەتەسەر و دانیشتووانەکەی رۆژ بە رۆژ دەچنە ژێر هێڵی هەژاری و نایەنەوە دەرەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاگری ناڕەزایەتی هەڵیکردووە و بەبێ گوێدانە سەرمای زستان و گەرمای هاوین دانامرکێتەوە، بەڵکو گڕەکەی زیاتر و زیاتر پەرەدەسەنێت، ئەو کەسانەشی بڕوامان پێکرد و وڵاتمان دایە دەستیان بەهیوای ئەوەی پارێزگاری لە گەلەکەی ناوی بکەن، خۆ وڵاتەکەمانیان بە سەرو بنەوە فڕۆشتووە و ئاگامان لێی نییە.


جا وەرن بگەڕێینەوەسەر بابەتی عێراق و دڵدانەوەکانی گەلەکەی لەلایەن حکومەتی گوێڕایەڵ. ماوەیەکی زۆر بەسەریدا تێنەپەڕیوە دزییەک ئاشکرابوو کە نە سەری هەیە و نە بن. ئەوەی گوێی لێ بوو چاوەکانی زەق بوویەوە و ناوێکیشی لێنرا و بە فەڕمی بە (دزی سەدە) ناسرا، بەجۆرێک بڕی 3 ترلیۆن و 701 ملیارو 380 ملیۆن و 882 هەزار دینار لەرێگەى پێنج کۆمپانیا و (247) چه‌کی بانکی لەدوو لقی بانکی رافیدەین لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لە بانکی رافیدەین دزرا. مرۆڤ بێت و ئەو هەموو ژمارەیە بەیەکەوە بخوێنێتەوە دەم و زمانی وشک دەبێتەوە. بە هەرحاڵ بۆ زانیاریتان (1 ترلیۆن = 1.000.000.000.000) دینار جاوەرن حسابێک بۆ ئەم پارە دزراوە بکەین، پێویستتان بە ئامێری ژمێرەر(حاسیبە) دەبێت چونکە ئەقڵ رادەگرێت.


لەمبارەیەوە حکومەتە تازەکەی عێراق، بەحوکمی ئەوەی تازە دەستی بە کارەکانی کردووە و خوازیارە گەرماو گەرم کارەکانی بە گەلی عێراق نیشان بدات، کە ئەمە لە عادەتی حکومەتەکانی ئەو وڵاتەدایە، هەتا دێنە دەسەڵات هەزاران درۆ بۆ میللەت دەچنن و ئێمەش زۆر دڵسافین هەموو جاری باوەڕیان پێدەکەین، هەروەها دەستی حکومەتی پێشوویان بەپێکەنین و هەزاران سوپاسەوە دەکوشتن، بەڵام دوای گرتنەدەستی دەسەڵات هەرچی پیسی و چەپەڵی هەیە بەسەر ئەوانەی پێشوویان ساغ دەکەنەوە. هەرچەندە با بەردەوام بین، دوای چەندین لێکۆڵینەوە و هەرا نانەوە، حکومەتی عێراق لەرێگەی سەرۆکوەزیرانەکەیەوە کە هاتەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان و رایگەیاند تائێستا بڕی317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزارو 525 دینار لە پارە دزراوەکەی بانکی رافیدەین گەڕێندرایەوە بانکەکە. هەرچەندە ئەو ژمارەیە بەلاتانەوە گەورەیە بەڵام باوەڕتان بێت “مشتێک نییە لە خەرمان”. فەرموون با بەیەکەوە بە زمانێکی ئاسانتر لە یەکتر تێبگەین:
ئەو پارەیەی کە سەرۆکوەزیران لەلایەوە وەستابوو و لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان نمایشی بۆ دەکرد. بریتی بوو لە %8.56ـی ئەو پارە دزراوەی کە لە بانکی رافیدەین دزرابوو. بە کوردی و بە کورتی پارە گەڕێندراوەکەی تەنیشت سەرۆکوەزیرانی عێراق وەکو خواردنی زەڵاتەی پێش نان بێتە بەرچاو زیاتر روون دەبێتەوە.


ئێمەی عێراقی فێرکراوین مێش بکەین بە گامێش، هەرچی شتی بچووکە لەبەر چاومان گەورە دەکەین و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بە بەژن و باڵایدا هەڵدەڵێین و ستایشی دەکەین، وا دەزانین کارێکی زۆر گەورەمان بۆ کراوە و منەتی حکومەت هەڵدەگرین و خاتری سەر سەر و چاومان دەگرین لە کاتێکدا ئەمە مافی رەهای خۆمانە و ئەرکی سەرشانی حکومەتە وەکو گەورەی ماڵ و باوکێکی دادوەر مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ماڵەکەی بکات، بەڵام ئێمە بەرچاومان تاریک کراوە لە بەرامبەر ئەو هەموو ناڕەوایی و ماف خوراوییەی کە بەسەرماندا سەپێندراوە و ناتوانین بیانبینین. کاتێکیش تاوانێکی بەمشێوەیە بەسەر دەسەڵاتداران ئاشکرا دەبێت و وڵاتانی دەرەوەش دەستیان لێ دەشۆنەوە و ئیتر پشتگیرییان ناکەن، ئەمانیش کە زانیان هیچ دەرچەیەکی دیکەیان لەپێش نەماوە، دەست دەکەن بە بەرگری کردن لە کورسییەکانیان بە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ کوشتن و بڕینی تاکەکانی گەلی چەوسێندراوە، وەکو ئەوەی هیچ زوڵمێکیان لێنەکردبن.


لە کۆتاییدا دەمەوێت پرسیار لەبارەی ئەوەوە بکەم، دۆسییەکە چی بەسەرهات، ” ئایا دزەکە نەگیرا؟ “