هەرچەندە باخچەی ئاژەڵان لەلایەن ئاژەڵ دۆستانەوە ناڕەزایەتیی لێکەوتۆتەوە، بەڵام باخچەی ئاژەڵان لە سەرانسەری جیهان لەلایەن خەڵکەوە بایەخێکی بەرچاوی پێدەدرێت و لەلایەکی دیکەشەوە داهاتێکی گەشتیاریی گەورەی هەیە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ یەکەم جار لەکوێ بیرۆکەی درووستکردنی باخچەی ئاژەڵان چەکەرەی کردووە و وەکو داهاتێکی باش بۆ شار تەنانەت بۆ وڵاتان بەکارهاتووە؟
مێژوو پێمان دەڵێت کە یەکەم باخچەی ئاژەڵان بەناوی “حیر الوحش – حیر: بێستان، الوحش: ئاژەڵ” لە بەغداد بووە لە سەردەمی عەباسییەکان و پێش هەموو وڵاتانی جیهان توانیویانە سوود لە داهاتی باخچەی ئاژەڵان ببینن.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەبو جەعفەر مەنسور، خەلیفەی عەباسییەکان هەڵساوە بە کۆکردنەوەی فیلەکان لە وڵات و دواتر لە سەردەمی خەلیفە هاروون رەشید قەفەزی ئاسنینی تایبەت بە شێر و پڵنگەکان درووستکراوە و تێیدا نمایشکراون.
دواتر لە سەردەمی خەلیفە ئەمین گرووپێکی پسپۆر پێکدەهێندرێت و کە هەڵساون بە راونانی شێر و پڵنگ، دواتر لەناو قەفەزی تایبەت بردوویانە بۆ کۆشکی خەلیفە. لەهەمان کاتیشدا تەیر و باڵندەی جوانییان لە وڵاتانی دەورووبەر هاوردە کردووە.
درووستکردنی باخچەی ئاژەڵان یاخود بێستانی ئاژەڵان لەلایەن خودی خەلیفەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو وەزیرێک بەناوی ئیبن موقەلـلە هەڵدەستێت بە چاندنی چەند نەمامێک، باخچەیەکی ئاژەڵان درووست دەکات بە تێل چواردەورەکەی دەورە دەدات. لە هەنگاوی داهاتوو چەند قومری، بولبول و ئاژەڵی تاوس لە باخچەکەدا رادەگرێت. دواتر ئاژەڵەکانی ئاسک، گوێدرێژی زێبرا، نەعامە و بزنی کێوی زیاد دەکات.
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا خەلیفە موعتەسەم، خەلیفەی دەوڵەتی عەباسییەکان فەرمانێک دەردەکات بۆ درووستکردنی بینای تایبەت لە سامەڕا بەناوی باخچەی ئاژەڵان کە رووبەرەکەی بە یەک کیلۆمەتر دەخەملێنرێت، لەپاشان باخچەکە ناوی (الجوسق)ی لێدەنرێت کە بەجۆرێک باخچەکە لەو سەردەمەدا دەبێتە ناوەندێکی گرنگ لە سامەڕا.
دواتر موتەوەکل-ی کوڕی موعتەسەم هەڵسا بە پەرەپێدان و فراوانکردنی و ناوەکەشی بۆ بێستانی ئاژەڵانی موتەوەکل گۆڕی. لەگەڵ ئەوەشدا بە دووری چەند مەترێک هەڵسا بە درووستکردنی دیوارێک بە قوڕ و کەرەستەکانی ئەو سەردەمە. باخچەکە لە نزیک کۆشکەکەی موتەوەکلەوە نزیك بوو، کاتێک میوانەکانی دەهاتن وەکو سەیرانێک یاخود کات بەسەربردن سەردانی باخچەکەیان دەکرد. لە سەردەمی موتەوەکل باخچەکە لەرووی جۆری ئاژەڵەکانەوە فراوان بوو و چەندین جۆری جیاوازی ئاژەڵ لەناو باخچەکەدا راگیراوە. لەپاشان بیرێکی تایبەتی بۆ لێدڕاوە و بە رێگەی جۆگەوە ئاوی بۆ دابینکراوە.
ئامادەکردنی: زیا عوزێری