مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، پشتگیری کاندیدکرانی محەمەد شیاع سودانی دەکات و دەستخۆشی لە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات.
لەراگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی کردووە و دەڵێت، “دەستخۆشی لە بەڕێزانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە كاندیدكردنی بەڕێز محەمەد شەیاع ئەلسودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داھاتوو ھەنگاوێكی گرنگیان نا لەڕێی بەگوڕكردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دراوە و تێیدا هاتووە، “هیوادارین ئەم هەنگاوە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ خێراتر بكات”.
شایەنی باسە مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەشکردوو ەکە پێشوازی لە بڕیارەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات و راشیگەیاندووە، “جەخت لە پتەوكردنی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەكان دەكاتەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە ببێتە مایەی سەقامگیری، بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد و عێراق و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان”.