یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڵندگۆیانەی كە رێكخراوێكی ژنان بەرامبەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی داینابوون، لەسەر بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەت بڵندگۆکان لابراون کە بانگەشە بۆ “یەکسانی جێندەری” دەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەکەن بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن.
لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، رێگە نادەن ئەوانەی باسی جێندەر و هاوڕەگەزبازی دەکەن بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش “دوای پەیوەندیکردنمان بە نووسینگەی تایبەتی بەڕێز کاک قوبادتاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هه رێمی کوردستان و بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە بەڕێزیشیانەوە کرد و لەو پیلانە ژەهراویە ئاگادارمان کردنەوە، بە سوپاسێکی زۆرەوە هەردوولایان خەمخۆرانە پاڵپشتی خۆیان بۆداواکەمان دەربڕی”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو بەرپرسانە “سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانیان راسپارد کە هاوکار و پشتیوانمانبن لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە ژەهراوییەی جێندەرێزم و هاوڕەگەزخوازەکان دەیانویست لە رێگای بڵنگۆوە لە ناوجەرگەی شار و بەرامبەر (مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی) سمبولی ئایینی و جوانی ئە م شارە لە سەر بازاڕەکانی کاسۆمۆڵ و ئاوباریک بانگەشەی بۆبکەن، سوپاسیان دەکەین کە هاوکار و پشتیوانمان بوون”.
جێی باسە، دوێنێش لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین رێكخراوێكی ژنان ژمارەیەک بڵندگۆی لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییەکانی شارەکان دانا و دواتریش لەژێر فشاری هاووڵاتیاندا لابران، لە بڵندگۆكەوە کە بە دەنگی ژنێک دەگوترا ئەم چەند راستەیە بوو، “شاخدارە گەورەكە و هاوڕێ نزیكەكەی شەیتان هەر من بووم، ئیماندار و پیاوە نزیک لە خوداكەش هەر ئێوە بوون، من ئەو توێژەم كە بیرتان لێنەدەكردەوە، شەرمەزار نابن، ئێوەی جەللاد، ئێوەی دەستی باڵا، ئێوەی كێن؟ من دەنگی نەبیستراوی مێینەم”.