لەبڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا شارڵ میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپا باسی لەوەکرد کە سەرکردەکانی ئەورووپا بڕیاریان داوە سزای نیمچەیی بخەنە سەر نەوتی رووسیا بۆ ئەورووپا و دەشڵێت، “ئەم بریارە کاریگەریی دەبێت لەسەر داهاتەکانی نەوتی ئەو وڵاتە”.
هاوکات میشێل تەئکیدی کردووەتەوە کە شەشەمین گەڕی سزاکان چەند رێکارێکی دیکەش لەخۆدەگرێت، لەوانە دەرکردنی بانکی سێبیر لە سیستەمی سویفت و هەڵگرتنی 3 کەناڵی تەلەفزیۆنی رووسی لە یەکێتی ئەورووپا و سەپاندنی سزا بەسەر چەند کەسایەتییەکی رووسی.
لەلایەکی دیکەوە ئورسولا ڤۆن دیر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا باسی لەوە کردووە کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ داهاتی یەکێتی ئەورووپا لە نەوتی رووسیا لەسەدا 90 کەم دەبێتەوە.