یەکێتیی ئەورووپا: داواکاریی رووسیا پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • یەکێتیی ئەورووپا: داواکاریی رووسیا پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە

یەکێتیی ئەورووپا: داواکاریی رووسیا پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، داواکاریی رووسیا بۆ پێدانی پارەی گاز بە رۆبڵ پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
یەکێتیی ئەورووپا: داواکاریی رووسیا پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە
0

لایک

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، داواکاریی رووسیا بۆ پێدانی پارەی گاز بە رۆبڵ پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین دوای بڕیاری کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی لەسەر راگرتنی رەوانەکردنی گازی سرووشتی بۆ چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەورووپا، لە برۆکسل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئاماژەی بەوە کرد کە تاکلایەنە راگرتنی دابینکردنی گاز بۆ پۆڵەندا و بولگاریا کردەوەیەکی ئیستفزازییە لەلایەن کرملینەوە. وتیشی “جێگەی سەرسوڕمان نییە کرملین سووتەمەنی بۆ چاوسوورکردنەوە بەکاربھێنێت”.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا باسی لەوەش کرد کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە ھەماھەنگی و پشتوانیدان و ئامادەکارییان کردووە.

جەختی لەوەش کردەوە کە کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی گازپرۆم بۆ نزمترین ئاست لەسەر بەکارھێنەرانی گاز لە ئەورووپا کەمدەکەنەوە و وتیشی “دەستبەجێ پێکەوە و بە ھەماھەنگی وەڵام دەدەینەوە”.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین ئاشكرایشی كرد، ئەمڕۆ نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی گرووپی ھەماھەنگیی گاز بەیەکگەیشتوون و وتی “ئێستا پۆڵەندا و بولگاریا گاز لە وڵاتانی دراوسێی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا دەکڕن. ئەمە پێش ھەموو شتێک ھاوئاھەنگی نێوانمان نیشان دەدات”.

ڤۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەش دا کە کارەکانیان بۆ دۆزینەوەی دابینکەرێکی جێگرەوەی گاز بەردەوامە و وتی “دوایین ھەڵمەتی دوژمنانەی رووسیا، وەبیرھێنانەوەیەکی زۆر روونە سەبارەت بە پێویستیی بنیاتنانی سەربەخۆیی وزە و کارکردنمان لەگەڵ ھاوبەشێک کە جێگەی متمانە بێت”.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا سەبارەت بە داواکاریی رووسیا بۆ پێدانی رۆبڵ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند “بابەتی ئاراستەکردنمان بەرەو رۆبڵ روونە. ئەگەر ئەمە لە گرێبەستەکاندا باس نەکرابێت ئەوە پێشێلکاریی سزاکانمانە”.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە سەدا ٩٧ی گرێبەستەکانی لەگەڵ رووسیا مەرجی پێدانی پارە بە یۆرۆ و دۆلار بەشێوەیەکی روون دیاریکراوە و وتی “داواکاریی رووسیا بۆ پێدانی پارەی گاز بە رۆبڵ پێچەوانەی گرێبەستەکانە و بڕیارێکی تاکلایەنەیە”.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەکردنی پاکێجی شەشەمی سزاکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەر رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە بەچڕی کار لەسەر پاکێجی سزا و پرسی نەوت دەکەن.