یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین جێبەجێنەکرا و رێکارێکی نوێ دەگیرێتەبەر..
  • TEBA KURDİ
  • هەمەڕەنگ
  • یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین جێبەجێنەکرا و رێکارێکی نوێ دەگیرێتەبەر..

یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین جێبەجێنەکرا و رێکارێکی نوێ دەگیرێتەبەر..

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین جێبەجێنەکرا و رێکارێکی نوێ دەگیرێتەبەر..
0

لایک

رۆژی سێشەممە ٩ی ئابی ساڵی رابردوو، دكتۆر كامه‌ران یونس سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، دوای ئه‌وەی له‌ رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ راپرسییه‌ک خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست قوتابیانی زانكۆكه‌ بەمەبەستی یەکپۆشی قوتابیانی زانکۆکە، لە راپرسییەکەدا، ٧٠.٦٪ـی خوێندکاران دەنگیان بە یەکپۆشی دا  و ئه‌نجومه‌نی زانكۆ بڕیاری یه‌كپۆشی بۆ قوتابیان سه‌رجه‌م زانكۆ‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد.

سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین وتیشی: بیرۆكه‌ی یەکپۆشیمان هه‌بوو، بیرۆكه‌كه‌مان كرده‌ راپرسی و ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌مان به‌ده‌ستگه‌یشت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین یه‌كپۆشی ده‌كه‌ینه‌ بڕیار و بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣ جێبه‌جێده‌كرێت.

ئەگر چی لە کۆنگرەکەدا سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین رایگەیاند، “راگری كۆلیژ و سه‌رۆكی به‌شه‌كان له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ به‌رپرسن، به‌گوێره‌ی مادده‌ی (٢)ی به‌رزه‌فته‌ی قوتبیان، هه‌ر قوتابییه‌ک پابه‌ندی یه‌كپۆشی نه‌بێت؛ سزای ته‌مبێكردن وه‌رده‌گرێت، بۆ جاری دووه‌م ده‌بێته‌ ئاگاداركردنه‌وه‌، بۆ جاری سێیه‌م بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک ده‌رده‌كرێت”، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکرا.

راگەیاندنی راپرسییەکە کە زۆرینە بە بەڵێ دەنگیان دابوو بە جێبەجێکردنی یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە قوتابیانی ئەو زانکۆیە ئەوەیان راگەیاند، کە دەنگدانی ئەوان پشتی پێ نەبەستراوە بە هۆکاری ئەوەی دەنگدان بۆ راپرسییەکە لە رێگای ئۆنلاین بووە، هەر کەسێکی ئاسایی یاخود قووتابی زانکۆیەکانی تر دەیانتوانی دەنگ بەو راپرسییە بدەن و رەچاوی  قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین نەکرابوو.

لە ئێستادا سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددین راپرسی لە رێگای فۆرمێکەوە دەستپێکردووە و بەسەر سەرجەم قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین دابەشدەکرێت، لە رێگای ئەو فۆرمەوە رای قوتابیانی ئەو زانکۆیە لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری یەکپۆشی وردەگیرێت. لە رێگای ئەم راپرسیەوە تەنها قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین دەتوانن دەنگ بە یەکپۆشی بدرێت لە زانکۆکەیان.

بۆ قسەکردن لەبارەی ئەوە رێکارە نوێیەی زانکۆی سەلاحەددین، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ شوان محەمەد عەبدولرەحیم، بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجام دا.

لە سەرەتای قسەکانیدا شوان محەمەد عەبدولرەحیم بە تەبای راگەیاند، “سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین قۆناغی دووەمی راپرسی بۆ بڕیاری یەکپۆشی دەستپێکردووە، کۆلێژ بە کۆلێژ دەگەڕێین و بەشێوەی فۆرمی راستەوخۆوە کە پێشتر قوتابیان بەشێوەی ئۆنلاین دەنگیان دا، رێژەکەش وەکو لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە کە رێژەی بەڵێ سەروو ٪٧٠ بۆ ٪٧٥ بوو. زانکۆی سەڵاحەدین دەیتوانی جێبەجێی بکات وەکو بڕیار، بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بەدەستبێت، ئێمە لەرێگەی ٢٥هەزار فۆرمی راستەوخۆوە، قوتابی قوتابی کۆلێژ بە کۆلێژی زانکۆی سەلاحەددین ئەو فۆرمەیان دەدەینێ بۆ ئەوەی بە بەڵێ یاخود نەخێر دەنگ بە سیستمی یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەددین بدەن”.

بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کۆلێژانە کرد کە تا ئێستا راپرسیەکەیان ئەنجامداوە و وتیشی، “تائێستا ١١ـه کۆلێژ لە کۆی گشتی ١٦ کۆلێژی زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجامدراوە، لەم راپرسییەدا فۆرمەکە بەسەر پۆل بە پۆل قوتابی بە قوتابی دابەش کراوە. ئێمە بۆیان شیدەکەیەنەوە کە راپرسییەکە چۆنە، راپرسییەکەچوار پرسیاری تێدا کراوە و هەموو پرسیارەکان بەڵێ و نەخێری تێدایە، قوتابی زۆر ئازادانە بەبێ ئەوەی هیچ فشارێکی لەسەربێت لەژێر سەرپەرشتی و رۆشنایی مامۆستایانی خۆیان لە ژوورەوە بە ئازادانە پێیان دەڵێین ئێوە سەرپشکن لەوەی بەڵێ یان نەخێر هەڵدەبژێرن، بەڵام ئەمە پەیامی زانکۆی سەڵاحەددینە بۆ یەکپۆشی و ئێوەش ئازادن چۆن بریدەکەنەوە و چۆن دەنگ دەدەن”.  

هاوکات شوان محەمەد عەبدولرەحیم باسی لە بەدواداچوونی ئەو دەنگانە کرد کە بەژدارییان لە راپڕسیەکە کردووە و وتی، “رۆژانە فۆڕمەکان کۆدەکرێتەوە و سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین لێژنەیەکی دیاریکردووە بۆ لێکجیاکردنەوە دەنگی بەڵێ و نەخێر و رەنگەکان، بە حوکمی ئەوەی لێژنەیەکی تایبەت لە کۆلێژی سەڵاحەدین جیایدەکاتەوە و جارێ راپرسیەکە ماوە و ناتوانین ئاشکرای بکەین. تەنها ئەو قوتابیانەی کە ئەو رۆژەی دەوامیان نەکردووە یاخود نەچوونەتە ژوورەوە، ئەگەرنا سەرتاپای قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین هەموویان بە ئازادانە بەشداری لەو فۆرم پرکردنەوەیە دەکەن و دەنگیان دەدەن”.

سەبارەت بەوەی ئەنجامی ئەو راپرسییە کاری پێدەکرێت یاخود نا، شوان محەمەد عەبدولرەحیم بەڕێوەبەری بەدواداچوون لە زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، “بەڵێی قوتابیان دەبێتە بڕیار و نەخێری قوتابیانیش دەبێتە بڕیار، ئێمە وەکو زانکۆ ئەمە دەزانین. لەم سۆنگەوە ئەنجومەنی زانکۆ کار لەسەر ئەم راپرسییە دەکات چونکە ئەم بڕیارانە پێویستی بە ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆکی زانکۆ هەیە. سەبارەت بە ئێمەش وەکو ئەنجومەنی باڵا، ئەو ئەنجامی راپرسیانە دەدەینە بەردەست ئەنجومەنی زانکۆ تاکو ئەوان بڕیار بدەن ئایا بۆ سیمستەری دووەم جێبەجێ بکرێت یاخود ساڵی داهاتووی خوێندن لە مانگی ٩ جێبەجێبکرێت”.

هەواڵ: عەبدوڵا بەختیار-ئامادەکردن: عەبدولسەلام هیشام