یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ دەکرێت

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ دەکرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ دەکرێت
0

لایک

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سێلیست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزاەرتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان واژۆکرا.

لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، سیلێست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

ساڵی 2016 بۆیەکەمجار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەو دوو وەزارەتە واژۆکرا و سەبارەت بەوە، سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەم یاداشتنامەیە رەنگدانەوەی هەماهەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، لە رێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندیی خۆی بۆ پشیوانیکردنی رۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە لە ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

ئەوەش خرایەڕوو، کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتوون و هەمیش پابەندیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت.

سەرۆکایەتی هەرێم راشیەگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شانبەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.

لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا سوپاسی هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکەیدا نووسیویەتی: خۆشحاڵبووم بە بینینی یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا سێلیست واڵەندەر و سەرپەرشتیکردنی مەڕاسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا.

“سوپاسگوزاری پشتیوانی بەردەوامی ئەمەریکاین بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر” سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی.

هاوکات ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شاندی یاوەری کۆبوونەوە.

ئاماژە بەوەشدرا، چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ئیرڤین هیکس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.