“ھیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دیاریی نەکراوە”

“ھیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دیاریی نەکراوە”

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
“ھیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دیاریی نەکراوە”
0

لایک

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، “تا ئێستا ھیچ بڕیار و بەیاننامەیەک لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە لەبارەی دیارییکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دەرنەکراوە”.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە کۆمیسیۆن دامەزراویەکی پیشەیی و بێ لایەنە و تەنھا بڕیارەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، راپرسی و پرسەکانی پەیوەست بە کاری ھەڵبژاردن جێبەجێ دەکات.

هاوکات غەلای باسی لەوەش کردووە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەو پێیەی تاکە دەسەڵاتی باڵایە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، تەنھا ئەنجوونەکە دەتوانێت بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان و بە راوێژ لەگەڵ حکوومەت، وادە بۆ ئەنجامدانی ھەر پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردن دیاریی بکات.

ناوبراو وتیشی، “تا ئێستا ھیچ بڕیار و بەیاننامەیەک لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە لەبارەی دیارییکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دەرنەکراوە”.

وتەبێژەکەی کۆمیسیۆن لەبارەی تەرخانکردنی بوودجە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، رایگەیاندووە، “بەگشتیی بوودجەیەک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان تەرخان دەکرێت کە لەوانەیە لەچوارچێوەی بوودجەی فیدراڵیی یان بە تایبەت بێت، بەڵام ئەمەیش پێویستی بە یاسا ھەیە”

ئەو وتیشی، “ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردنەکان، بڕیارێکە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە”.

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە نۆ کەس پێکدێت کە دەبێت ھەڵگریی “رەگەزنامەی عێراقیبن”.

ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی دەست نیشانکردنی سەرۆکی کۆمیسیۆن، هەروەها دیارییکردنی وادە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی هەیە.

لە ئێستادا سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سەربە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جەلیل عەدنان-ە.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت رۆژی سێی ئابی 2022، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای کرد ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ ئەوەی 10 مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.