گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ

گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
گۆڕانکاری کۆیلایەتی لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ
0

لایک

کۆیلایەتی ئەو دۆخەیە کە مرۆڤێک دەبێتە موڵک و سامانی کەسێکی دیکە. ئەوانەی کە خاوەنی ئازادی خۆیان نین و لەژێر حوکمی کەسانی دیکەن و بە پارە کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت، بە کۆیلە ناودەبرێن.

 

شایەنی باسە لە دێرزەمانەوە ئەوانەی بە دیل گیراون، یاخود تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، یاخود نەیانتوانیوە قەرز بدەنەوە بە خاوەنەکانیان، یان لەلایەن ئاژاوەگێرانەوە رفێنرابن، ئەوا بەکۆیلە قبوڵ دەکرێن و لە بازاڕەکانی کۆیلەفرۆشتن کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرا.

 

لەو کۆمەڵگایانەی کە بە کشتوکاڵ و بازرگانییەوە سەرقاڵن، دیاردەی کۆیلەبوون بە هەموو جۆرەکانیەوە بەدی دەکرا. لە میزۆپۆتامیا، لە میسر، لە یۆنان، لە رۆما، سەردەمی ئێران بەر لە هاتنی ئیسلام، ئاسیای ناوەڕاست و ئانادۆڵو و سەرجەم ئەو کۆمەڵگایانە وەکو شتێکی ئاسایی سەیری نەریتی کۆیلایەتییان کردووە.

 

کۆیلایەتی لەکۆتاییەکانی چەرخی ناوەڕاست، بەشێکی دانەبڕاوی توێژی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای رۆژئاوا بووە. هاوکات لەگەڵ کشانەوەی فیۆدالیزم لە شانۆی مێژوو، سیستەمی ئابووری بۆرجوازی شوێنی گرتووەتەوە و تا ئەو ساتەش دامەزراوەی کۆیلایەتی بووەتە گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنان بەهۆی کەمی رەنج و رێژەی تێچوون. دۆخی سەختی کۆیلایەتی تەنانەت لە سەدەی نۆزدەهەم هەندێک رێکخستنەوەی بۆ کراوە.

 

کۆیلایەتی لە ئیسلام

قورئانی پیرۆز سەبارەت بە مافی کۆیلە ژمارەیەکی زۆر تەوەری روونکردووەتەوە. لە راستیدا ئیسلام لە بنچینەوە کۆیلایەتی قەدەغە نەکردووە، بەڵام هانی ئازادکردنی کۆیلەکانی داوە و پرۆسێسی بە کۆیلەکردنی زەحمەت کردووە، بۆ نموونە؛ بەبێ مەبەست کەسێک، کەسێکی موسڵمان بکوژێت، فەرمانی پێکراوە کۆیلەیەک ئازاد بکات. یان گەر کەسێک بە درۆ سوێند بخوات، لەسەرییەتی ١٠ هەژار تێر بکات و جلوبەرگیان بۆ بکرێت یاخود کۆیلەیەک ئازاد بکات. ئەوانەی توانای ماددییان نییە، دەبێت بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەڕۆژووبن.

بەپێی یاساکانی ئیسلام، کۆیلەیەک یاخود کەنیزەیەک دەتوانێت لەبەرامبەر بڕێک پارە ئازادیی خۆی وەربگرێت. ئەم کردارە موکاتەبەی پێدەوترێت و لە ئایەتی ٣٣ی سوڕەتی نور ئاماژەی پێدراوە و بە تێر و تەسەلی باسکراوە.

 

لەگەڵ هاتنی ئایینی ئیسلام، کۆیلەکردنی کەسێک بەهۆی قەرز و پێویستی نەماوە و رێکارەکانی بە کۆیلەکردن بۆ بازنەی جەنگ بچووک کراوەتەوە.

 

کۆیلایەتی لە ئەمریکا

ئەمریکای تازە خاوەن رووبەرێکی فراوان و بەپیتبوو. بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگەی کەشتییەکانەوە ئەمریکییەکان بەهەزاران خەڵکیان لە ئەفریقاوە هێناوە بۆ چنین و چاندنی زەوی.

گواستنەوەی رەشپێستەکانی ئەفریقا بۆ کارکردن بە پرۆسێسێکی سەخت تێپەڕیوە بەشێوەیەک، زۆربەیان لەکاتی گەشتەکەیان تووشی پەتای جیاواز بوون، یاخود بەهۆی کەمخۆرییەوە گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی زۆری گواستنەوەی خەڵک لە ئەفریقا، لە سەدەی هەژدەهەم زۆرینەی دانیشتوانی ئەمریکا کۆیلە بوون.

 

لەکاتی دۆزینەوە جوگرافییەکاندا بۆ یەکەمین جار ئیسپانییەکان و پرتوگالییەکان هەڵساون بە کوشتنی خەڵکی رەسەنی ئەمریکا. بە ملیۆنان کەس بەهۆی سەختی کارکردن و نەخۆشییەکان گیانیان لەدەستداوە. لە سەدەی حەڤدەهەم ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەوروپی لە ئەمریکا نیشتەجێبوون و خەڵکە رەسەنەکەش کە زەوی و زارەکانیان لێوەرگیراوە، وەکو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. لەلایەکی دیکەشەوە بازرگانانی کۆیلە بە زنجیر و تەناف کۆیلەکانیان لە بازاڕەکان فرۆشتووە.

 

کۆیلایەتی مۆدێرن

پێناسەی کۆیلایەتی مۆدێرن پێناسەکانی هەرەشە، توندوتیژی، فشار، فێڵ و قۆرخکردنەوەی هێز لەخۆدەگرێت و لەم بوارانەدا کەسەکان ئەگەر بەرپەرچی ئەم جۆرە کردارانە نەدەنەوە، پێناسەی کۆیلایەتی مۆدێرن لەخۆدەگرن. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بابەتی کۆیلایەتی مۆدێرن لە سێکتەرەکانی کارگەی درووستکردنی قوماش و بوارەکانی کانزا دۆزینەوە و کشتوکاڵ و ماسیگەریدا بەشێوەیەکی بڵاو هەستی پێدەکرێت.
لە تایلەند سێکتەری ماسیگەریی، لە کۆریای باکوور سێکتەری رەژووگەری، لە ساح عاج بەرهەمهێنانی کاکاو، لە بەڕازیل سێکتەری جووتکردنی ناوچە شیناییەکان لە رێگەی گامێش. جگە لەوانە یەکێک لە نموونەکانی کۆیلایەتی مۆدێرن، لە ئوستراڵیا و ئینگڵتەڕا بەدی دەکرێت لە سێکتەرەکانی شوشتنی ئۆتۆمبێل بۆ دیپلۆماتکارانی وڵات.

 

رێکخراوی نێودەوڵەتی کار و دەزگای رۆیشتنی ئازاد بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، راپۆرتی ئیندێکسی تایبەت بە کۆیلایەتی جیهانییان ئامادەکردووە وبەپێی راپۆرتەکە لە جیهان زیاتر لە ٤٠ ملیۆن “کۆیلەی مۆدێرن” هەیە. هەر لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە هەر هەزار کەسێک، چوار یاخود پێنج کەسیان رووبەڕووی کۆیلایەتی دەبنەوە. لەوانە لەسەدا ٧١-یان ئافرەت و کچن. لە سەدا ٢٩-شیان لە رەگەزی پیاون. لەسەدا ١٥.٤ی کۆیلە مۆدێرنەکان بریتین لەو ئافرەتانەی کە بە زۆرەملێیی هاوسەرگیرییان پێکراوە، لەبەرامبەردا ٢٤.٩ ملیۆنەکەی دیکە بە زۆرەملێی کاریان پێدەکرێت.

 

کاتێک بە وردی سەیری داتاکانی تایبەت بە کۆیلایەتی دەکرێت، بۆمان روون دەبێتەوە کە لە ئەفریقا لە هەر هەزار کەسێک ٧.٦ کەس کۆیلەی مۆدێرنن، لە ئاسیای پاسیفیک ٦.١ کەس، لە ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست ٣.٩ کەس کۆیلەی مۆدێرنن. دواتر وڵاتانی عەرەبی دێت کە ژمارەی کۆیلایەتی ٣.٣ کەسە و لە باکوور و باشووری ئەمریکاش ١.٩ کەس بە کۆیلەی مۆدێرن وەسف دەکرێن.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرواری ٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٩دا پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە بازرگانی مرۆڤ، توندووتیژی سێکسی، کارپێکردنی منداڵ و هاوسەرگیری زۆرەملێیی لە خۆ دەگرێت و ئامانجەکەشی لەناوبردنی کۆیلایەتی مۆدێرن بوو. بەو هۆیەشەوە ٢ی کانوونی دووەم بە “رۆژی نەهێشتنی کۆیلایەتی” دەناسرێتەوە و یادی دەکرێتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە کۆیلایەتی هیچ کاتێک هەڵنەگیراوە، تەنیا دەتوانین بڵێین شێوازەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

 

 

 

ئامادەکردنی: بارزان لوقمان