ئەمڕۆ دووشەممە 30-01-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، گوژمەی پێویست بۆ 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری شارەوانی هەولێر(ئەربیل) خەرج دەکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، “لەسەر داهاتی شارەوانییەكان بە گوژمەی 872 ملیۆن و 894 هەزار و 750 دینار، رەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی 18 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “پڕۆژەكان لە بواری دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردن و ئاو و ئاوەڕۆن، جگە لەو پرۆژانە لە داهاتوودا پڕۆژەی دیكەش رەزامەندیان لەسەر دەدرێت”.
ئەوەش هاتووە، “ئەو 18 پرۆژەیە لە شارۆچكەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، بەحركە، دارەتوو، قوشتەپە، شەمامک، خەبات، كانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، دیبەگە و چەند شوێنێكی دیكەی سنووری پارێزگەی هەولێر جێبەجێ دەكرێن”.