سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە چاودێری خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی عێراق دەکەن کە ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان برینداربوون.
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە خۆپیشاندان و بارودۆخی سیاسی عێراق دا و وتی، “رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتییانە مافێکی سەرەتاییە و پێویستە هەموو کاتێک رێزی لێبگیرێت”.
شایەنی باسە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی وتووە، “پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەنگاو بگرنەبەر لەپێناو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و مسۆگەرکردنی ئەمنیەتی خۆپیشاندەران و دامودەزگاکانی دەوڵەت”.
دوێنێ شەممە 30ـی 7ـی 2022، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر روویان لە ناوچەی سەوز ـی بەغداد کرد و سەرەڕای هەبوونی بەربەستی ئەمنی گەیشتنەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تاوەکو ئێستا لەوێن.
هەر دوێنێ نوسینگەی موقتەدا سەدر رایگەیاند کە خۆپیشاندەران بەمەبەستی دەڕبڕینی ناڕەزایی لەوێ دەمێننەوە.