یانەی ئەی سی میلان-ی ئیتاڵی رایگەیاند، گرێبەستی گۆڵکاری یانەکە و ئەستێرەی تۆپی پێی سویدی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ-ی بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژ کردووە.
لەراگەیەندراوێکدا یانەی ئەی سی میلان ـی ئیتاڵی ئاماژەی بەوەکردووە کە گرێبەستی یاریزانە تەمەن 40 ساڵییەکەیان بۆ ماوەی یەک وەرز درێژ کردووەتەوە و ئیبراهیمۆڤیچ تاکو 30ـی حوزەیرانی 2023 بەردەوام دەبێت لە پۆشینی درێسی ژمارە 11ـی یانەی میلان.
زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، لە وەرزی رابردوودا لە 27 یاریدا درێسی میلانی پۆشیبوو و بە تۆمارکردنی هەشت گۆڵ کاریگەرییەکی گەورەی لە بردنەوەی نازناوی سێری ئا بۆ میلان هەبوو.
ئیبراهیمۆڤیچ، دوای کۆتایی هاتنی وەرزەکە و لە کۆتایی مانگی ئایاردا نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەژنوی چەپی ئەنجامدا و ئەوە راگەیەندرابوو کە بۆ ماوەی حەوت بۆ هەشت مانگ لە یاریگاکان دوور دەکەویتەوە.