تائێستا حكومەتی نوێی عیراق ئامادەكارییەكانی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2023 تەواو نەكردووە، راوێژكارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هۆكارەكەی بۆ پشكی پارێزگاكان و پڕۆژە جیاجیاكان دەگەڕێنێتەوە، كە بوونەتە رێگ لەبەردەم تەواوكردنی پڕۆژەیاساكە.
سەباح كەربولی، راوێژكارێكی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی رێكنەكەوتن لەسەر پڕۆژەكان و پشكی پارێزگاكان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، تائێستا حكومەت نەیتوانیوە پڕۆژەیاساكە ئامادە بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات.
وتیشی:” گوشارێكی زۆر لەلایەن نوێنەری پارێزگاكان هەیە بۆ چەسپاندنی زۆرترین پرۆژە بۆ پارێزگاكانیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، حكومەتیش دەیەوێت بەشێویەكی دادپەروەرانە پڕۆژەكان بەسر پارێزگاكاندا دابەشبكات و بەپێی پێویستیی هەر پارێزگایەک”.
ئەو راوێژكارە یاساییەی پەرلەمان، پێشبینی كرد، حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی بتوانێت تا هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بكات و رەوانەی پەرلەمانی بكات، بۆ ئەوەی بەزووترین كات پەسەند بكرێت و تێپەڕێندرێت.
مەزەندەشی كرد، بودجەی 2023ی عیراق بڕەكەی لەنێوان 160 ملیار بۆ 180 ملیار دۆلار بێت، ئەمەش گەورەترین بودجەی گشتیی ساڵانەیە لە عێراقدا.