بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لە سبەی ئێوارەوە کاریگەری شەپۆلی خۆڵبارین لەسەر ناوچەکانمان نامێنێت و لەهەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لە بەشێکی تریش نمەباران دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و کەرکوک ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ بەردەوام چاڵاکبوونی خێرایی با و هەبوونی تۆز و خۆڵ، لە سنووری پارێزگای دهۆکیش ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ هەبوونی تۆز و خۆڵ و بارینی نمە باران لە کات و ناوچەی جیاجیا بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
لەبارەی کەشوهەوای پارێزگای هەولێر(ئەربیل) و سلێمانی روونیکردووەتەوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و هەبوونی تۆز و خۆڵ و بارینی نمە باران لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
ئاشکراشیکردووە، سبەی شەممە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت وە زیادبوونی خێرایی با لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ و هەبوونی تۆز و خۆڵ , لەگەڵ بارینی باران لە ناوچە شاخاوییەکان وە پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەو خۆلبارینە لە کاتەکانی ئێوارەدا نەمێنێت.