کەریم بەنزیمە، وەک باشترین یاریزانی وەرزی ٢٠٢١-٢٠٢٢ی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا هەڵبژێردرا.
باشترینەکانی ئەم وەرزەی خولەکە لەلایەن تیمی چاودێری تەکنیکی یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپاوە دیاریی کرا.
کەریم بەنزیمە یاریزانی ناوداری فەڕەنسا و یانەی ریال مەدرید کە لە ١٢ یاریدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید توانی ١٥ گۆڵ تۆماربکات، خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەست هێنا.
باشترین پێکهاتەی ئەم وەرزەی خولەکە کە لە ١١ یاریزان پێکهاتووە بەم شیوەیە: تیبۆ کۆرتوا، لۆکا مۆدریچ، کەریم بەنزیمە، ڤینیسیۆس جونیۆر (ریال مەدرید)، ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، ڤێرجیل ڤان دایک، ئەندی رۆبەرتسۆن، فابینیۆ (لیڤەرپوول)، ئەنتۆنیۆ رودیگەر (چێلسی)، کیڤن دی برۆین (مانچستەر ستی ) و کیلیان مباپێ (پاریس سان جێرمان).
هەروەها یەکەم گۆڵی کەریم بەنزیمە کە لە یاریی گەڕانەوەی چارەکی کۆتاییدا بەرامبەر چێڵسی تۆماری کردبوو، بە جوانترین گۆڵی ئەم وەرزە هەڵبژێردرا.
جگە لەمەش ڤینیسیۆس جونیۆر لە یانەی ریال مەدرید، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی بەدەست هێنا.