دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاندوە، لە هەوڵێکی مەیدانی و تەکنیکی و بە بەدواداچوونی وردی هەواڵگری، پاڵەوانەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کەرکوک، بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی راستەوخۆ لەلایەن سەرکردایەتی بارەگا پێشکەوتووەکان بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، توانیان مەترسیدارترین شانەی هاوبەشی نێوان کەرکوک و بەغدادی پایتەخت هەڵبوەشێنن، کە یەکێک بوون لە گرنگترین شانەکانی رێکخراوەکە دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی زیاتر لە نەوەد رۆژ کە لە ئەنجامدا شەش لە دیارترین تیرۆریستان دەستگیرکران، لەنێویاندا سەرکردە دیارەکانی کەرتی کەرکوک و باکوری بەغدادی پایتەخت.
هاوکات راشیگەیاندوە، شانە تیرۆریستییەکە چەندین ساڵە قێزەونترین تاوانی دژ بە دەزگا ئەمنییەکان و کەسایەتییەکان ئەنجامداوە، کە خۆی دەگرێتەوە لە سێدارەدانی بەکۆمەڵی ئەندامانی حەشدی شەعبی و خێڵەکییەکان، هەروەها چەندین تیرۆری بێشوماری کەسایەتییە دیارەکان، ئەفسەرانی پارێزگای کەرکوک و بەغدادی پایتەخت.
یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو شانەیەی کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکوک هەڵوەشێندرایەوە، چاندنی چەندین بۆمبی چێندراو و دۆزینەوەی چەندین کەسی خۆکوژ بوو بۆ نێو ریزەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.