کۆمپانیای پێترۆچاینا ـی چینی رایگەیاند، بە هۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان و لەپێناو سەلامەتی کارمەندانییەوە دەیەوێت لە عێراق بکشێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی شەفەق نیوز ـی راگەیاندووە کە کارگێری کۆمپانیای پێترۆچاینا ـی چینی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەیەوێت لە عێراق بکشێتەوە و رایگەیاندووە کە لەپێناو پاراستنی کارمەندانی ئەو کارە دەکات.کۆمپانیای ناوبراو لە کێڵگەکانی پارێزگای میسان کار دەکات.
شایەنی باسە ئاماژە بەوەشدراوە کە کشانەوەی ئەو کۆمپانیایە واتە لەدەستدانی بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی میسان. هەروەها لەگەڵ کشانەوەی کۆمپانیای ناوبراو پێنج هەزار کەس لە کارەکەی دەبێت.
ناوەندی کۆمپانیاکە کەوتووەتە قەزای کەحەلا لە میسان، دانیشتووانی ئەو ناوچەیە داوای دابینکردنی کارەبا و ئاو لە کۆمپانیاکە دەکەن. لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئاماژەی بەوەکردووە کە داواکارییەکان لە پسپۆریی ئەواندا نییە. پێشتر خۆپیشاندەران بەهەمان شێوە داوای کردنەوەی بواری دامەزراندنیان لە کۆمپانیاکە کردبوو، بەڵام کۆمپانیای ناوبراو داواکەی رەتکردبووەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر هەوڵی چوونە ژوورەوەی نێو کۆمپانیاکە دەکەن بەڵام هێزە ئەمنییەکان رووبەرووی خۆپشاندەران دەبنەوە و بڵاوەیان پێدەکەن.