وتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی قسەوباسی ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکراینا رایگەیاند، سیستمی مووشەکیی دوورمەودا کە توانای گەیشتنی بە رووسیا ھەبێت، بۆ ئۆکراینا نانێرن.
لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کارین ژان پیێر، وتەبێژی کۆسکی سپی هەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکان كرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە، ژان پیێڕ وەڵامی بانگەشەکانی رۆژنامەکانی ئەمریکای سەبارەت بە پلانی وڵاتهكهی بۆ ناردنی مووشەکی دوورمەودا بۆ ئۆکراینا دایەوە و رایگهیاند، “ھەروەک سەرۆک جۆ بایدن دوێنێ روونی کردەوە مووشەکی دوورمەودا کە ناوچەی جەنگەکە تێدەپەڕێنێت بۆ ئۆکراینا نانێرین”.
هاوکات ئەو وتەبێژە ئەوەشی ئاشکراکرد کارەکان لهبارهی ناردنی سیستمی مووشەکی بۆ ئۆکراینا بەردەوامە و ناتوانێت وردەکاری لهوبارهیهوه بڵاوبکاتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لە مشتومڕەکانی رێکخستنەوەی چەکی کەسی كرد کە لەدوای ھێرشەکەی ھەفتەی رابردووی سەر خوێندنگهیهك له تێکساس کە گیانلەدەستدانی 21 کەسی لێکەوتەوە، و لهوبارهیهوه ئاشكرایكرد، سهرۆكی ئهمریكا، جۆ بایدن لەسەر بابەتی رێکخستنەوەی چەک لەگەڵ کۆنگرێس لە پەیوەندیدایە.
كارین ژان پیێر جەختی لەوەش کردەوە کە بایدن بڕوای بە قەدەغەکردنی چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکییە و وتی، “ئهو داکۆکی لە قەدەغەکردنی ههموو دەمانچەکان ناکات”.