مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق گرنگی زۆر دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، کازمی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا بەسەرۆکایەتی ناتالی لۆیزۆ سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا، کرد.
ئاماژە بەوە کراوە، مستەفا کازمی دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق گرنگی زۆر دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
راشیگەیاندووە، عێراق ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا پتەوتر بکات، بەتایبەتیش لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، شەڕی دژبە داعش و پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکانی عێراق لە بواری مەشق و راھێناندا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی فراوانکردنی کاری نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، ئەوەیش بە ئامانجی بنیاتنانی توانای دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و ھاریکارکردن لە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی رێکخراو و لەناوبردنی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر.
لای خۆیەوە ناتالی لۆیزۆ سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەداوە کە یەکێتیی ئەورووپا وەک ھاوبەشێکی گرنگی سەرەکیی و نێودەوڵەتیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەیری عێراق دەکات و بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچەکەشی دەزانێت و راشیگەیاندووە کە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە یارمەتییدانی عێراق لەشەڕی دژبە تیرۆر.
هەردوولا ھەروەھا شەڕی رووسیا-ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و ئایندەی ئەورووپا و لەسەر بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیھان تاوتوێ کردووە.