سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی سوتانی باره‌گای پارتی له به‌غداد، رایگه‌یاند، سوتانی باره‌گای حزبێک كه هه‌فته‌ی رابردوو روویدا، لەکاتێکدا هێزی ئه‌منی سه‌یری رووداوه‌كه ده‌كات قبوڵ ناکرێت و ئه‌و هێزه بەرپرسیار دەبێت و لێكۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه ده‌كه‌ن.
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئه‌مڕۆ له وتارێكدا له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ بارەگای وەزارەتی ناوخۆ، رایگه‌یاند، “خەڵکی عێراق له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا دەژین به‌هۆی هاتنی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه، پێویستە بەڕێوەبەرانی پۆلیس ئامادەیی ئەمنی بەرزبکەنەوە و پلانی نوێ دابڕێژن بۆ بڵاوکردنەوەی پۆلیسی مەیدانی بەپێی ئامادەبونی خه‌ڵک له ناوچەکاندا لەمانگی رەمەزاندا”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ئێمە لەبەردەم دەرفەتێکی ڕاستەقینەداین بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش، سەرەڕای ئەو تەحەدایانەی کە دەکرێت هەوڵەکانمان بگۆڕێن بە چانسی سەرکەوتن، ئەمەش تەنها لە ڕێگەی دڵسۆزییەوە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی عێراق دەکرێت”.
كازمی له په‌یامه‌كه‌یدا بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان باسی له‌وه‌كرد، “ئینتیما بۆ دامەزراوەکە و باوەڕبوون بە کار و ئەرک بنەمایەکە له‌سه‌ری ده‌ڕۆین، هەرچەندە هەندێک جار تێبینی پێشێلکارییە تەکنیکی و ئیدارییەکان دەکەین، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵات‌دا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاڕاستەی هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌یه، ئەوەی پێویسته له‌سه‌ر ئێوه وەک فه‌رمانده‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌یه، كه فشاره سیاسییه‌كان تێبپه‌ڕێنن لەلایەن هه‌ر گروپێكه‌وه بێت، ئازادبون ته‌نها وه‌فایه‌كه بۆ عێراق و ئێمه هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە ئەنجامدانی ئەو کارە”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “تێبینیمان كردوه كه قەبارەی پێشێلکارییەکانی له‌سەر سیستمی هاتوچۆ زیادبون، هەندێک جاریش پۆلیسی هاتوچۆ هیچ ناکات، ئایا پێویست دەکات وەزیری ناوخۆ یان سەرۆک وەزیران خۆی بێته سه‌ر شه‌قام بۆ بەدواداچوون؟ لەکاتێکدا پۆلیس دەسەڵاتی یاسا و دەسەڵاتی سەپاندنی هەیە”.
له‌باره‌ی سوتانی باره‌گای پارتی له به‌غداد، مسته‌فا كازمی وتی، “سوتانی باره‌گای حزبێک كه هه‌فته‌ی رابردوو روویدا، لەکاتێکدا هێزی ئه‌منی سه‌یری رووداوه‌كه ده‌كات قبوڵ ناکرێت و ئه‌و هێزه بەرپرسیار دەبێت و لێكۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه ده‌كه‌ین”.