مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، بەرپرسیارییەتی نیشتمانیی لە ئەستۆ گرتووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ، محەمەد شیاع سوودانی و ئەندامانی کابینەی حکوومەتەکەی خواست.
مستەفا کازمی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: “بەرپرسیارێتیمان هەڵگرت، ئەرکی نیشتمانیی خۆمان بەجێهێنا، لە ئێستاوە سپاردەکە رادەستی سەرۆکی برا؛ محەمەد شیاع سوودانی دەکەین. هیوای سەرکەوتن بۆ خۆی و تیمە حکوومییەکەی دەخوازین”.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە وتاری ماڵئاواییدا ئاماژەی بەوە دەستکەوتانە کرد کە لە ماوەی حکومڕانییدا بەدەستی هێناوە و رایگەیاند، ئەرکی حکوومەتەکەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە و ئەم کارەیشیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
کازمی لەبارەی ئابووری عێراقەوە دوا و رایگهیاند: “عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەوپەڕی گەشەسەندندایە، بەپێی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینەی، عێراق توانیوویەتی بە رێژەی لەسەدا سێ ئابوورییەکەی بەرەو پێش ببات، یەدەگی نەوت لە عێراق دوو ساڵ پێش ئێستا لە دابەزیندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەدەگی نەوتی عێراق ٣٥ ملیار دۆلار زیادی کردووە، هەروەها یەدەگی ئاڵتونیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٦ تۆن”.
وتیشی: “گەنجینەى وڵاتمان بە نیمچە بەتاڵى وەرگرت و ئابووریی عێراق لە هەرەسهێناندا بوو، تەنانەت نەدەتوانرا مووچەى فەرمانبەران دابین بکرێت، بەڵام ئێستا بە پڕی و ئاوەدانى رادەستى دەکەم”.