کازمی: نابێت رەوشی سیاسی ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • کازمی: نابێت رەوشی سیاسی ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی

کازمی: نابێت رەوشی سیاسی ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
کازمی: نابێت رەوشی سیاسی ببێتەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
0

لایک

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات ئەرکی پیشەیی خۆیان جێبەجێ بکەن و کەسانی زیادەڕۆکار دەستگیربکەن، هەروەها داوا دەکەن رەوشی سیاسی و قەیرانەکەی، نەبێتەهۆی ئەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بکەوێتە مەترسییەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوتوێ کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجومەنەکە جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەوڵێک دەکاتەوە کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە، لەوانەش هێرشکردنەسەر بارەگا حزبییەکان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی دەوڵەت و موڵکی تایبەت.

کازمی باسی لەوەشکردووە، پێویستە رێگری بکرێت لەکاریگەری دۆخی قەیرانی سیاسی لەسەر شەقامی عێراق، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بارەگا حزبییەکان، کۆبوونەوەی هاووڵاتیان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن.

هاوکات، رەتیدەکەنەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی بخرێتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەکان پیشەییانە مامەڵە بکەن و رێگری بکەن لەهەر کەس و لایەنێکی زیادەڕۆییکار.