نوسینگەی راگەیاندی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، “ئەمڕۆ یەکشەممە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و دەرەوە و پلاندانان و بازرگانی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو پیشەسازی و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی خۆراک و گرانی کاڵاو خۆراک لەبازاڕەکان”.
هاوکات باس لەوەشکراوە، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زامنکردنی ئاسایشی خۆراک و ئامادەیی وەزارەتەکان کرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەرامبەر قەیرانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، کازمی جەختی لە گرنگیی پاراستنی خەزێنەی ستراتیژی خواردنی بنەڕەتی و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە کرد”.
بەپێی راگەیندراوەکە، “کازمی وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵشی ئاڕاستەکرد بۆ ئەوەی لەو خاڵە سەرەکیانەی لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەرکرا هەڵوێستی لەسەر وەربگرن و پرسی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی خەزێنەی ستراتیژی بخەنە بەرنامەی کاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری و کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی و ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەسەر بدەن”.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەکراوە، “لەدیدارەکەدا باس لەبارودۆخی ئاوی عێراق و ڕێنوێنیی دابینکردنی بەشە ئاوییەکان کرا کە پێویستە بۆ گەشەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی”.