کازمی: دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • کازمی: دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە

کازمی: دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
کازمی: دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دەستلەکاردەکێشمەوە
0

لایک

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا هۆشداری لەبارەی رووداوەکان دەدات و دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت “هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی” دەنێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی وتارێکیدا وتی، “لێرەوە هۆشداری دەدەم ئەگەر ئاژاوە، رووبەڕووبوونەوە، ناکۆکی، ململانێ و گوێنەگرن لە لۆژیک بەردەوام بێت، هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی دەنێم بەوەی کە رایدەگەیێنم لە کاتێکی گونجاودا دەست لە پۆستەکەم هەڵدەگرم”.

دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق:

ئەمڕۆ لەبەردەم ئێوە وتار دەدەم، لە کاتێکدا ئازارم چەشتووە بۆ ئەو دۆخەی بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە تێیکەوتووین.
سوپاس و پێزانینم بۆ هێزە ئەمنییەکان هەیە کە هەوڵدرا بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە ململانێی نێو چەکی کۆنترۆڵنەکراو، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە ببێنە بەشێک لەم ململانێیە و لە ریزی نیشتماندا وەستان. هەرچەندە کاردانەوەکان بەهێزیش بووبن، ئەوان رەتیان کردەوە لوولەی چەکەکانیان ئاراستەی سنگی عێراقییەکان بکەن.

سەرباری ئەو هەموو رەخنە و تانە و تۆمەت و گرژی و مووشەکانەی ئاراستەیان کردووین، زیاتر لە دوو ساڵە سیاسەتی تایبەتی چەک پەیڕەو دەکەین بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەست دەوڵەت بێت.

خوێنی پاکی عێراقییەکان کە لە رووداوەکانی دوێنێدا رژا، زەنگێکە بۆ هەموو عێراقییەکی رەسەن و راستگۆ، بەوەی دەبێ ئەمڕۆ رووبەڕووی هەموو ئەو راستییە تاڵانە ببینەوە و بەکردەیی هەموو چەکەکان بخرێنە ژێر دەستی حکومەت، نەک تەنیا ئەو هەنگاوە بە دروشم و بانگەشە بێت.

لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی بەرپرسن لە پێدانی چەک بەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و خوێنیان رشتن، ئەوە سەرباری ئەو رێنوێنییە توندانەی دەرمانکردوون بۆ بەکارنەهێنانی گوللـە؛ هەروەها دەبێ ئەو کەسانەش دەستنیشان بکرێن کە بەدرێژایی شەو تەقەیان کرد و مووشەک و هاوەنیان دژی دامەزراوە حکومییەکان بەکارهێنا.

ئەم دۆخە شەرمەزارییە پێویستی بە هەڵوێستێکی راست و رەوان و راشکاوانەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی. ئیدی دووڕوویی و نەبوونی بەڕێوەبردنێکی رێکوپێک بەسە و پێویستە سەرجەم کایەکانی سیستمی فەرمیی ئاسایش بەهەموو ئاراستەکانیانەوە و بەبێ هیچ جیاوازییەک راستەوخۆ سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن. هەر کەسێک پابەند نەبێت، دەبێت بەرپرسیارێتیی یاسایی بکەوێتە ئەستۆ.

ئەو چەکەی دوێنێ بەکارهێندرا، پارەی بەفیڕۆدراوە، خوێنی بەفیڕۆدراوە، هەلی بەفیڕۆدراوە. دەبێ ئەو چەکە بۆ پاراستنی عێراق بەکاربهێندرێت، نەوەک لە ململانێ و ناکۆکییەکان بۆ دەسەڵات.

پێویستە هەر یەکەیەکی سەربازی لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکەی و بەرپرسیارێتییە دەستنیشانکراوەکانی بەیاسا کاربکات و رێنوێنییەکان و پلانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ئەرک و جموجووڵەکانیدا جێبەجێ بکات.

لە رووی سیاسیشەوە، ئەرکی سەرشانمان بەجێگەیاند لە دەستپێکردن بۆ گفتوگۆی نیشتمانی لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکان بە هاوکاریکردنیان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو کە هەمووان لەسەری کۆک بن، بەڵام بۆ سەرخستنی دیالۆگ پێویستە هەمووان سازش بۆ یەکدی بکەن، نەک رێگە بە هەڵکشانی گرژیی سیاسی بدەن کە کار بگاتە ئەوەی چەک بەکاربێت و عێراقییەکانن ببنە قوربانی.

بە کەسوکارە عێراقییەکانم دەڵێم: عێراق لە هەمووان گەورەترە؛ هیچ کەس و حیزب و هێزێک لە عێراق و بەرژەوەندییەکانی عێراق گرنگتر و بەهادارتر نییە.

بە ئەمانەتەوە خزمەتی گەلەکەم کرد؛ رۆژێک لە رۆژان نەبوومە بەشێک لە کێشە. لە بەرامبەر هەموو جۆرە پیلان، ئاستەنگ، ئاڵنگاری و شەڕی راشکاوانەی هەمووان بۆ لاوازکردنی وڵات و بڕیارەکانی و کەم سەیرکردنی هەموو دەستکەوتەکانی لە پێکانی ئامانجەکانی هەڵبژاردن ئارامم گرت.

سەرباری هەموو ئەمانەش، دەستبەرداری بەرپرسیارەتییەکانم لە بەرامبەر گەلەکەمدا نەبووم و نابم. هەروەها پشتیوانی هەموو بژارەیەکم کردووە کە خزمەتی عێراق و سەقامگیری و رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان بەدی کردبێت؛ هەمیشە لەگەڵ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بووم.

لێرەوە هۆشداری دەدەم ئەگەر ئاژاوە، رووبەڕووبوونەوە، ناکۆکی، ململانێ و گوێنەگرن لە لۆژیک بەردەوام بێت، هەنگاوی ئەخلاقی و نیشتمانی دەنێم بەوەی کە رایدەگەیێنم لە کاتێکی گونجاودا بەپشت بەستن بە ماددەی 81ی دەستوور دەست لە پۆستەکەم هەڵدەگرم و بەرپرسیارێتییەکە لە بەرامبەر عێراقییەکان و مێژوودا دەخەمە ئەستۆیان.

نیشتمان چەند ساڵێکە تووشی خوێنبەربوون بووە، رۆژانە خوێنی گەنجانمان دەچۆڕێت. بۆچی؟ ئەوان تاوانیان چییە؟ هۆکار چییە؟
رژانی دڵۆپێک خوێن، هۆکارەکەی بۆ شکستی سیاسیی دەگەڕێتەوە و خۆڕادەستکردنەوەیە بۆ دەستەکەوت و پشکپشکێنە و لاوازی خۆشەویستی نیشتمان.