کارەبا و هاوشێوەکانی .. خەمی هاوبەشی عێراقییەکان
  • TEBA KURDİ
  • بیروڕا
  • کارەبا و هاوشێوەکانی .. خەمی هاوبەشی عێراقییەکان

کارەبا و هاوشێوەکانی .. خەمی هاوبەشی عێراقییەکان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
کارەبا و هاوشێوەکانی .. خەمی هاوبەشی عێراقییەکان
0

لایک

دەمەوێت ئاماژە بە بابەتی کارەبا و چەند وشەیەکی هاوشێوەی بدەم کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکای بەرگریکاری دیموکراسیەتی جیهان، دوای ئەوەی دیموکراسیەتی هێنایە عێراق و ژێرخانی وڵاتی وێران کرد .

ناوە جیاوازەکان
قسەو باسی وڵاتی خۆمانم بۆ کەسێکی بیانی دەکرد کە تازە ئاشناییمان بۆ یەکتر پەیاکردبوو . بیانییەکە لە پڕێکدا دەستی بە خۆهەڵکێشان کرد لەبارەی وڵاتەکەی خۆی و باسی لەوەکرد کە لە وڵاتەکەی ئەودا ” ١٠ جۆری جیاوازی فڵان میوە لە وڵاتەکەی بوونی هەیە، چوار ناوی هەیە، یەکێکی دیکە نازانم چەند ناوی هەیە و ئەوەندە جۆری هەیە …” ، بەڕاستی لەوکاتەدا خەسڵەت بووم . بەتایبەتی منێک کە هەمیشە حەز دەکەم لووتی کەسانی لووت بەرز بشکێنم . بەهەمان ریتمی ئەو راستەوخۆ وەڵامم دایەوە و وتم، ” جا ئەمە چییە براکەم؟ لە وڵاتەکەی ئێمە تەنها کارەبا ٦ جۆر و ناوی جیاوازی هەیە “. لەو کاتەدا کەسە بیانییەکە بە سەرسووڕمانەوە تەنها ” چۆن؟ ” ـی پێوترا .

بێگومان وەڵامی پرسیارەکەی ئەو بەهۆی ئەزموونی ساڵانێکی زۆرەوە بێگومان ئامادەیە، ” لەلای ئێمە کارەبای ” رەئیسی ” هەیە کە هەندێکیان کارەبای نیشتمانیی پێدەڵێن، کارەبای موەلیدە هەیە کە بێگومان ئەویش هێڵی زێڕینی هەیە، کارەبای بەیانیی هەیە، کارەبای ئاسایی و موەلیدەی ماڵەوەشمان هەیە “. کاتێک بەو شێوەیە بۆم شیکردەوە، لە بەرامبەرمدا سەری سووڕما و رایگەیاند، ” بەراستی کارەباگەلێکی هەمەچەشنتان هەیە “.

لەوکاتەدا من وەکو بڵێیت سەرکەوتنێکی گەورەم بەرامبەر بە بیانییەکە تۆمارکردبێت خۆم بەسەریدا هەڵکێشا بەلام لەراستیدا تەنها خەڵکی وڵاتەکەم لەو بارودۆخە ئازاربەخشە تێدەگات .

فیوز
ئاگاداربن ! ئەم وشەیە لەگەڵ گۆرانیبێژ فەیروز تێکەڵ مەکەن کە بەیانییان لە رادیۆکانتانەوە گوێبیستی دەبن . فیوز بە مانای ( Electric fuse ) دێت و ئەم وشەیە دوای ئەوە کەوتە سەر زمانی عێراقییەکان لەکاتێکدا ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ هێرشی کردە سەر سیستەمی کارەبایی عێراق لەپێناو رووخاندنی رژێمی سەدام .
سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بە عەرەب، کورد، تورکمان، شیعە، سونە، موسڵمان و کریستیانەکان هەر هەموویان رۆژانە سێ جار وشە سیحراوییەکە بەکاردەهێنن کە فیوزە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وشەکە پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستادا دوو جۆری هەیە .
کاتی خۆی وشەی فیوز وەکو ئەوەی لە دەسپێکی وتارەکەمدا باسمکرد کە بۆ موەلیدەی کۆڵانان، کارەبای بەیانییان و کارەبای ئاسایی بەکاردەهات، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ کارەبای رەئیسیش بەکاردێت . لەمەودوا فیوزی موەلیدە و فیوزی رەئیسیش بەشێکە لە ژیانی رۆژانەمان، ماوە ماوە دەبێتە هۆی تاریکی ژیانمان، بەڵام بەهەمان شێوە لەڕووی زمانەوانییەوە دەوڵەمەندیی بەخشیوە .
ئەمەش هۆکارێکە بۆ دەوڵەمەندبوونی فەرهەنگی زمانەوانیمان و زیادبوونی وشەیەکی دیکە .

چۆن فێری وشە نوێیەکە بووم؟
بەیانییەکی زوو لە خەو هەڵسام و دەستمکرد بە ئامادەکردنی خوانی بەیانی . لە ماڵەوە گیزەر داگیرسابوو کە لەلایەن هەموو عێراقییەکان لە نزیکەوە شتێکی ناسراوە . لەگەڵ ئەو هیتەر داگیرسابوو . منیش بە ئەسپایی پەنیرەکەم خستە ناو سەمونەکە و هەوڵی دروستکردنی تۆست بووم و ئامێری دروستکردنی تۆستەکەم داگیرساند، خۆزگە نەمگیرساندبا ! ئەزانن بۆ؟ چونکە راستەوخۆ کارەباکە کوژایەوە . لە ناخی خۆمەوە وتم لەوانەیە کارەبای موەلیدە بێت و راستەوخۆ وەکو هەموو عێراقییە داماوەکان ماسیحەکەم ( هیشککەرەوە ) گرتەدەست بۆ هەڵکردنەوەی فیوزی کارەباکە کە بۆڕدی فیوزەکان لە سەرەتای کۆڵانەکەمان بوو . کاتێک گەیشتم بۆم روون بووەوە کە فیوزی نەکردووە .

کاتێک گەڕامەوە، هاوسەرەکەم پێمی راگەیاند کە فیوزی کارەبای رەئیسییەکەیە . لە سەرەتادا سەرم سووڕما، دواتر وتم ” ئەمە چۆن کارەبای رەئیسی فیوزی دەبێ؟ ” و لەو کاتەدا دڵخۆشی دامیگرت کە رستەیەکی نوێ هاتە نێو پرۆگرامی زمانەوانیمان .

دار ماسیحە
لە هەموو جیهاندا ماسیحە بۆ خاوێنکردنەوەی زەوی بەکاردێت بەڵام تەنها لەلای ئێمەی عێراقییەکان بۆ ئامانجێکی دیکەش بەکاردێت . خوێنەر بێگومان دەزانێت باسی چی دەکەم بەڵام من دەمەوێت روونی بکەمە، بەشی سەرەوەی دار ماسیحە بۆ هەڵکردنی فیوزی کارەبا بەکاردێنین .

گەر رۆژێک لە سەرەتای کۆڵانێک دابنیشیت و چاودێری بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا چەند ئافرەت، منداڵ و پیاو بە ماسیحەکەیەوە کە بە سەراوژێر گرتوویەتی و بەرەو بۆڕدی فیوزەکان هەنگاو دەنێت لەپێناو هەڵگیرساندنەوەی کارەباکەی . بێگومان ئەم کردارە دوای ئەوە دێت کە رستە ئاڵتوونییەکە ” فیوزی کرد ” دەبیستیت .
لەداهاتوودا سەرتان نەسوڕمێت گەر رۆژێک ماسیحە ببین کە لە بەشی خوارەوەیدا بە زمانی چینی ( 刪뇜뒈點 ) ( بۆ هیشککردنەوە ) و لە بەشی سەرەوەشیدا 為怒윗옹훙췽 뀔뇜괏險絲 ( تایبەت بە عێراقییەکان – بۆ هەڵکردنەوەی فیوز بەکاردێت ) نووسرابێت .

کەس نازانێت لە داهاتوودا لەڕووی زمانەوانییەوە ئەم میللەتە داماوە چ جۆرە وشەیەکی تایبەت بە کارەبا لەخۆدەگرێت . خودا هەمووتان لە فیوز بەدووربگرێت .