ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 27-10-2022، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه.
له‌كارنامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێم كراوه‌ته له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه و بڕیارانه‌ی تایبه‌تن به هه‌رێم.
له به‌شێكی كارنامه‌كه‌ی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودا هاتووه، حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ پرۆژه یاسایه‌ک له‌باره‌ی نه‌وت و غاز و بودجه به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ئاماده‌ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی خاڵی 23ـی نێو كارنامه‌ی وه‌زاریدا باس لەوەکراوە، به پاڵپشتی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م كارنامه رێككه‌وتوون، حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق سه‌رپشک ده‌كرێن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت و بودجه تا ده‌ركردنی پرۆژه یاسای نه‌وت و غاز به‌گوێره‌ی ده‌ستوور له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا.
بۆ دارشتنی پرۆژه یاسای نه‌وت و غاز له‌هه‌مان خاڵدا ئاماژه بهوەكراوه، لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به كاروباری یاسایی، دارایی و سووته‌مه‌نی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق پێكده‌هێندرێت.
یه‌كێک له خاڵه‌كانی ناو كارنامه‌كه دياريكردن و خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی ئه‌و هاووڵاتییانه‌یه كه بڕیاره‌كانی لێژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه و دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی لێژنه‌یه‌كی باڵا دوای مانگێک له پێكێهنانی حكومه‌ت.
له‌باره‌ی ئه‌و هێزانه‌ی له‌ناو شاره‌كانن ئەوە هاتووه، پێویسته سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی بچنه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و له‌جیاتی ئه‌وان پۆلیسی ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دۆسیه‌ی ئه‌منی ناو شاره‌كان بگرنه‌ده‌ست.
سه‌باره‌ت به‌و هێزانه‌ی له‌ناو شاری كه‌ركوک هه‌ن، له‌كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه، فه‌وجی فریاكه‌وتن له خه‌ڵكی كه‌ركوک پێكده‌هێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگایه‌كه بگرنه‌ده‌ست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو پێداویستییه‌كانیان بۆ دابینده‌كرێت.
كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوک له‌كارنامه‌ی ویزاریدا باسی لێوه‌كراوه و هاتووه، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوک هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی هه‌موو پارێزگاكانی دیكه به‌گوێره‌ی یاسای ده‌رچوو كه واده‌كه‌ی له یه‌ک ساڵ زیاتر نه‌بێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنی حكومه‌تدا.
بەگوێرەی کارنامەکە رێككه‌وتنی شنگال یەکێکە لە خاڵەکانی دیکە، رێككه‌وتنی شنگال له‌نێو به‌رنامه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوودا ده‌بێت به‌جۆرێک كه ئاسایش و ئارامی بۆ قه‌زای شنگال بگه‌ڕێته‌وه.
ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی رێككه‌وتنی تایبه‌ت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه ئه‌منییه‌كانی نێوان هێڵی به‌رگری هێزی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق، خاڵی چواردهیهمینی كارنامه‌ی وه‌زارییه.
له‌برگه‌ی یاسادانانی كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێ‌دا هاتووه، پرۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی و پرۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ده‌رده‌چێت.
له خاڵی سێزده‌یه‌مینی كارنامه‌ی وه‌زاریدا هاتووه، هه‌موو حیزبه كوردستانییه‌كان مافی چاڵاكی سیاسی ده‌ستووریان هه‌یه له موسڵ، كه‌ركوک، دیاله و سه‌ڵاحه‌ددین. ده‌بێت باره‌گای ئه‌و حیزبانه چۆڵبكرێن كه لایه‌نی دیكه ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتوون.