رۆژی سێشەممە، کەسێکی 18 ساڵان لە ویلایەتی تێکساس تەقەی لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە باشووری ویلایەتەکە کرد و بەهۆیەوە 19 منداڵ و دوو کەسی پێگەیشتوو گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان داپیرەی تەقەکارەکەیە.
قوتابخانەکە ناوی رۆبە و لە شاری یوڤالدێیە. ئەو کەسەی تەقەی هەڕەمەکی بەناو قوتابخانەکەدا کرد تەمەنی 18 ساڵانە و بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکیی جۆری AR-15 تەقەی کردووە، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی بوونەوە و کوشتیان.
گرێگ ئەبۆت، حاکمی تێکساس کە ناوی گەنجەکەی بە “سەلڤادۆر رامۆس” ناوزەند کردووە. وتی پێش ئەوەی بچێتە ناو قوتابخانەکە، ئۆتۆمبێلەکەی لە دەرەوە جێهێشتووە و گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە پێش تەقەکردنەکەی، ئەو گەنجە داپیرەی خۆی کوشتبێت.
هەربە وتەی پۆلیسی تێکساس، تەقەکەرەکە ژمارەیەکی زۆر مەخزەنی فیشەکی پێبووە.